Accessibility links

فەڕەنسا داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات سەبارەت بە سوریا


فەڕەنسا لەسەر زاری وەزیری دەرەوە داوایکردووە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بە پەلە سازبکات سەبارەت بە سوریا، ئەمەش لە پاش ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کرانە سەر شارێکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆنی نزیک لە تورکیایە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێرشەکەی ئەمڕۆ سێشەممە کراوەتە سەر شاری خان شەیخون لە پارێزگای ئیدلیب زۆر گومان دەکرێت بە چەکی کیمیاوی بووبێت. دەشڵێت بە لایەنی کەم 58 کەس کوژراون کە 11 یان منداڵبوون، هەروەها زیاتر لە 160 کەسی دیکە برینداربوون.

بەپـێی گەواهیدەران زۆربەی قوربانیـیەکان تووشی خنکان بوون و ژمارەیەکی زۆر بەهۆی کێشە لە هەناسەدان بەرەو نەخۆشخانەکان براون. ڤیدیۆکانی لە ناوچەکەوە بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سیڤیل لە سەر زەوی کەوتوون و هیچ ئاسەواری برینداریان پـێوە نیـیە و ئاویان پـیادادەکرێت دەکرێت.

پاش ماوەیەک لەو بۆردومانە جارێـکی دیکە فڕۆکەی دیکە بۆ ئاسمانی ناوچەکە گەڕاونەتەوە و بۆردومانی زیاتریان کردووە. هێشتا ڕانەگەیاندراوە چ لایەک لەو هێرشانە بەرپـرسیارە.

فێدریکا مۆغێرنی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گوتی ڕژێمی ئەسەد بەرپرسی تەواوە لەم هێرشە کیمیاویەی کراوە.

XS
SM
MD
LG