Accessibility links

تورکیا: توێکاریـیەکان نیشانی دەدەن قوربانیـیەکانی خان شەیخون بە چەکی کیمیایی گیانیان لەدەسـتداوە


تورکیا دەڵێت توێکاریـیەکانی ئەنجامدراون لەسەر تەرمی ژمارەیەک لە قوربانیانی هێرشەکەی سەر شاری خان شەیخونی سوریا نیشانیان داوە بە چەکی کیمیایی گیانیان لەدەسـتداوە.

بەکر بۆزداغ وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێـکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی 3 کەس لەوانەی لە خان شەیخون بەر هێرشەکە کەوتبوون، لە پارێزگای ئیدلیبی سوریاوە گەیەندرابوونە پارێزگای ئەدەنە لە باشوری تورکیا، بەڵام دواتر گیانیان لەدەسـتدا و توێکاری بۆ تەرمەکانیان کرا. لە ئەنجامدا دەرکەوت چەکی کیمیایی هۆکاری مردنیان بووە.

جەختی لەوە کرد توێکاریـیەکان بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ئەنجام‌درابوون.

تورکیا 32 برینداری ئاکامی هێرشەکەی خان شەیخونی وەرگرتووە تاوەکو لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی چارەسەریان بۆ بکات.

بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دوایـین ئامارەکان نیشانی دەدەن 86 کەس گیانیان لەدەسـتداوە، لە نێویاندا 30 منداڵ و 20 ژن.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی سازکرد سەبارەت بەو کوشتنکاریـیە دڕندانەیە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە.

ئەمەریکا و زۆربەیان وڵاتانی ئەوروپا ڕژێمی بەشار ئەسەد بە بەرپـرسیار لە هێرشەکە دادەنێن، بەڵام حکومەتی سوریا نکوڵی دەکات چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت.

XS
SM
MD
LG