Accessibility links

گروپـێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت 3 چەکداری بیانی داعشیان کوشتووە


گروپێـکی چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە ڕۆژئاوا پاڵپشـتی دەکات، دەڵێت 3 چەکداری بیانی داعشی کوشتووە کە دووانیان سعودین و یەکێـکیان تونسیـیە.

گروپی ناسراو بە "ئەلجەبهە شامیـیە" ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە کردەوەیەکی نهێنیدا لە ناوچەیەکی ژێر دەستی داعش لە باکوری حەلەب لە نزیک سنووری تورکیا ئەو سێ چەکدارەی داعشیان کوشتووە.

ئەمە یەکەم جارە ئەم گروپە کردەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات و بەڵێنی داوە هێرشی دیکەی لەو جۆرە لە ئایندەدا ئەنجام بداتەوە.

لە بەیانـنامەکەیدا نووسیویەتی" بەڵێن بە بەغدادی ڕێبەری داعش دەدەین کردەوەی دیکەی لەو جۆرە لە ناو جەرگەی ناوچەکانی ژێر دەسـتی چەکدارەکانی ئەنجام بدەین."

جێی ئاماژەیە لەم دوایـیانەدا لەو ناوچە گوندنشینانەی باکوری حەلەب شەڕی توند ڕوویداوە لە نێوان ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ڕۆژئاوا پشـتیوانی لێدەکات و چەکدارە ئیسلامیـیەکانی کە مەترسی هەیە زۆربەی ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن.

داعش لە ئێسـتادا شـارۆچکەی مارعی گەمارۆداوە کە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا تێدایە و تەنها 20 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دورە، واتە ئەو ناوچەیەی حکومەتی تورکیا مانگی ڕابردوو گوتی دەیکاتە ناوچەیەکی پارێزراو دور لە دەسـتی داعش.

XS
SM
MD
LG