Accessibility links

داعش چەند گوندێکی باکوری سوریا لە نزیک سنووری تورکیا داگیردەکات

  • VOA News

داعش خاکی دیکەی لە ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەرهێناوە و بەوەش زیاتر پـێشـڕەوی کردووە لەو ناوچەیەی تورکیا و ئەمەریکا بەنیازن بەرەیەکی نوێی لێبکەنەوە لە دژی داعش.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا ڕۆژی پـێنجشەممە ڕایگەیاند داعش توانیویەتی 5 گوندی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داگیربکات، لەوانە دووانیان لە نزیک سنووری تورکیان.

گۆمەڵەکە کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، دەڵێت داعش لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممەوە هێرشێـکی دەسـتپـێکردووە بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری شاری مارع لە پارێزگای حەلەبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا و هەردوو گوندی سندەف و حەربلی داگیرکردووە. هەروەها هەردوو گوندی دەحلە و حەرجەلە کە بەرەی نوسرە پـێشـتر لێـیان کشایەوە و ڕادەسـتی بەرەی ئیسلامی کردبوون، ئەوانەشی داگیرکردووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت داعش ڕایگەیاندووە 3 گوندی لەو ناوچەیە کۆنترۆڵکردووە و بە شێوەیەکی نیمچە تەواو شاری مارعی گەمارۆداوە کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دورە.

مەولود چاووش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بەم زووانە لەگەڵ ئەمەریکا هێرشێـکی ئاسمانی گەورە دەکەنە سەر داعش بە مەبەستی وەدەرنانیان لەو ناوچەیە.

XS
SM
MD
LG