Accessibility links

داعش لە ماوەی ساڵێک لە حوکمڕانیـیەکەی زیاتر لە 3 هەزار کەسی تەنها لە ناو سوریا کوشتووە

  • VOA News

ئەمڕۆ دووشەممە سـاڵێـک بەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەی داعش تێپەڕدەبێت و بەپـێی چالاکوانانی سوریا لە ماوەی ئەو ساڵەدا 3027 کەس تەنها لە ناو سوریا بە دەسـتی چەکدارانی داعش کوژراون.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا کە تۆڕێـکی گەورەی لە چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ئامارێـکی لەسەر کوشـتنکاریـیەکانی داعش بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت لە نێوان 29 ی شەشی 2014 هەتا 28 ی شەشی 2015 تۆماریان کردوون.

کۆمەڵەکە دەڵێت ئەم ژمارەیە خەڵکی سـیڤیل و سەرباز و چەکداری سەر بە ئەسەد و هەروەها ئەو چەکدارانەی داعشیشی تێدایە کە بە دەسـتی داعش خۆی کوژراون.

بەپـێی ئامارەکە 1787 کەسی سیڤیل لە نێو ئەو کوژراوانەن، 74 کەسیان منداڵ بوون و 86 کەسیشیان ژن بوون.

هەروەها داعش لە ماوەی ئەو ساڵەدا 3 کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە. گەورەترینیان ئەوەی لە ناوچە گوندیـیەکانی دێر زور بووە کە تیایدا 930 کەسی عەرەبی سووننەی خێڵی شعێتات کوژران. پاشان ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی کۆبانی و گوندی بەرخ بۆتان کە تیایدا 223 کەسی سیڤیلی کورد کوژران. سێیەم کۆمەڵکوژیش لە گوندی مەبعوجەی پارێزگای حەما بووە و لەوێش 46 کەسی سیڤیل کوژران.

پاشان کۆمەڵەکە دەڵێت داعش 216 کەسیشی لە هێزە ئیسلامیـیە ڕکابەرەکانی و هەروەها شەڕڤانانی یەپەگە کوشتووە، لەوانەی لە بەرەکانی شەڕدا بە دیلی گرتبوونی. هەروەها داعش 143 چەکداری خۆشی کوشتووە و زۆربەیان لەو چەکدارە بیانیـیانە بوون کە هەوڵی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دابوو و دەسـتگیرکرابوون.

لە هێزەکانی حکومەتی سوریاش 881 کەسی کوشتووە پاش ئەوەی لە شەڕەکاندا بە دیلی گرتبوونی یان لە خاڵەکانی پشـکنین لەو ناوچانەی دەستی بەسەریانگرتووە دەسـتگیری کردبوون.

بەپـێی ئامارەکە داعش زۆربەی ئەو خەڵکانەی بە شێوازی دڕندانە کوشتووە، لەوانە سەربڕین، سووتاندن، بەردانەوە لە شوێنی بەرز، گولـلەبارانکردن.

جگە لەو کوژراوانە، هەروەها زیاتر لە 4 هەزار هاوڵاتی سوری لە لایەن داعشەوە ڕفێندراون.

پاشان کۆمەڵەکە باس لەوە دەکات داعش چۆن لە ماوەی ئەو ساڵەدا کاری لەسەر منداڵان کردووە، چ لە ڕێگەی خوێندن و پەروەردە یان بە چەکدارکردنیان و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی پـێـیان. دەشڵێت داعش نەک تەنها دیمەنی کوشتنکاریـیەکانی لە شوێنە گشـتیـیەکاندا نیشـانی منداڵان دەدات بەڵکو هەندێـک لەو کوشـتنکاریـیانەشیان پێ ئەنجام دەدات.

کۆمەڵەکە لە بەشێـکی ئامارەکەی دەڵێت داعش لە کۆتایی مانگی هەشتی سـاڵی 2014 نزیکەی 300 کچ و ژنی ئێزدی لەوانەی لە عێراق ڕفاندبوونی بەسەر کەسانی خۆی لە ناو سوریا دابەشکردووە. دەشڵێت تەنها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو 42 کچ و ژنی ئێزدی بۆ بارەگایەکی دخۆی لە ناو سوریا گواستووەتەوە تاوەکو بە نرخی نێوان 500 بۆ 2000 دۆلار بیانفرۆشێت.

هەروەها داعش ژنی موسڵمانی سوونەشی وەکو "سەبایا" بردووە. کۆمەڵەکە دەڵێت 6 ژنی سووننە کە هاوسەرەکانیان سەرباز و ئەفسەربوون بردوویانن. جگە لەو شەش ژنە 74 ژنی دیکەی سوری بە هەمان شێوە بردوویانن.

دواتر کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەم تاوانانەی داعش بە توندی شەرمەزاردەکات و داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بە پەلە کاربکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم تاوانانەی بەرامبەر خەڵکی سوریا دەکرێن.

حێی ئاماژەیە داعش لە ئێسـتادا نزیکەی نیوەی خاکی سوریای داگیرکردووە و لە 14 پارێزگاکەی سوریا لە ناو 9 پارێزگای بوونی هەیە و هەشت ویلایەتی تیایاندا پـێـکهێناوە.

XS
SM
MD
LG