Accessibility links

داعش هێرش دەکاتە سەر باشوری سەڕین و لە ئاکامدا 10 شەڕڤانی یەپەگە گیانیان لەدەسـت دەدەن و 9 چەکداری داعش دەکوژرێن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت داعش هێرشێـکی لە ناکاوی کردووەتە سەر هێزەکانی پاراستنی گەل لە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی سەڕین کە دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر خواروی شاری کۆبانی و لە ئاکامدا 10 شەڕڤانی یەپەگە گیانیان لەدەسـتداوە و 15 ی دیکە برینداربوون.

کۆمەڵەکە دەشڵێت سەرەتا هێرشەکە بە تەقینەوەیەکی خۆکوژی دەسـتیپـێـکردووە و چەکدارەکانی داعش چوونەتە نێو خوێندنگەیەک و پاشان هێزی دیکەی یەپەگە گەیشتوونەتە شوێنی شەڕەکە و هەموو چەکدارەکانی داعشیان لە خوێندنگەکەدا کوشتووە کە ژمارەیان 8 چەکداربووە.

هەروەها کۆمەڵەکە باسی لەوەش کرد هێزەکانی یەپەگە نزیکەی 150 گەنج و پیاویان لە شارۆچکەکە بۆ لێـکۆڵینەوە دەسـتگیرکردووە پاش ئەوەی داعش بە ئامێری پەیوەندی بێ تەلی فەرمانی بە گروپێـکی 12 کەسی خۆی کردووە خۆیان لە نێو خەڵکی سیڤیلی شارۆچکەکە بشارنەوە و لەوێ بمێنـنەوە.

XS
SM
MD
LG