Accessibility links

چالاکوانانی سوریا: بەهۆی هێرشی ئاسمانی لە پارێزگای ئیدلیب بە لایەنی کەم 73 کەس کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئاکامی هێرشە ئاسمانیـیەکانی حکومەت و ڕووسیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە لایەنی کەم 73 کەس کوژراون.

کۆمەڵەکە کە پەیوەندی بە ژمارەیەکی زۆری چالاکوانان لە نێو وڵاتەکە هەیە دەشڵێت هێرشەکان لە دوێنێ یەکشەممەوە بە فڕۆکەی جەنگی ڕووسیا و هەلیکۆپتەری ڕژێم ئەنجامدراون و تەنها لە شاری معرە ئەلنوعمان 38 کەس کوژراون کە پـێنجیان منداڵ بوون و شەش کەسیان ئەندامی خێزانێـک بوون. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە چەندان مانگە هێرشی وەها چڕ نەکراون.

بەپـێی چالاکوانان هەلیکۆپتەرەکانی ڕژێم بۆمبی بەرمیلیـیان بەکارهێناوە، ئەمەش لە کاتێـدا هەردوو حکومەتی سوریا و ڕووسیا نکوڵی دەکەن لەوەی ئەم جۆرە چەکە لە هێرشەکانیان بەکاردەهێنن.

لەوەتای مانگی نۆی ساڵی 2015 ڕووسیا هێرشی ئاسمانی لە سوریا ئەنجام دەدات، دەڵێت بۆ ڕێگەگرتنە لەوەی گروپە تێرۆرستیـیەکان دەسـتبگرن بەسەر ناوچەی ئەو وڵاتە، بەڵام هەرچی ئۆپـۆزسیۆنە ئەو ئیدیعایانەی ڕووسیا ڕەتدەکەنەوە، دەڵێن بەشداری ئەوان لە شەڕەکەدا تەنها بۆ مانەوەی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات.

XS
SM
MD
LG