Accessibility links

ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزە کوردیـیەکان لە حەسەکە ڕادەگەیەنرێت


کاربەدەسـتانی کورد و میدیاکانی حکومەتی سوریا دەڵێن هێزەکانی یەپەگە و ئاسایش بە ئارگربەستێـک لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا گەیشتوون و لە ئێسـتادا ئەو ئاگربەستە چووەتە قۆناغی جێبەجێـکردنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئەم ئاگربەستە لە ئەنجامی دانوسـتاندنێـکی بە سەرپەرشتی ڕووسیا بووە لە نێوان کاربەدەسـتانی حکومەتی سوریا و کورد لە بنکەی ئاسمانی حمیمیم لە پارێزگای لازقیـیە.

سیهانوک دیـبـۆ ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە فڕانس پـرێسی گوت 10 داواکاریـیان خستووەتە چوارچێوەی ڕێکەوتنەکە، لەوانە هێزەکانی ناسراو بە (قوات الدفاع الوطني) لە کانتۆنی جزیرە هەڵبوەشێنرێنەوە، هێزەکانی حکومەت تەنها لە دەزگا حکومیـیەکاندا بمێـننەوە ئەوەش بۆ ڕایـیکردنی کاری هاوڵاتیان و خزمەتگوزاریـیەکان، گەنجانی شارەکە بۆ سەربازی نەبرێن.

دیـبۆ جەختی لەوە کردووە ئەوەی هەتا ئێسـتا لەسەری ڕێکەوتوون تەنها ئاگربەستەکەیە و بەردەوامبوونیشی بەسـتراوەتەوە بە جێبەجێـکردنی مەرجەکانیان.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئێسـتادا 90% ی شارەکە بەدەسـتی هێزە کوردیـیەکانەوەیە و بەپـێی ڕێکەوتنەکە دەبێت لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاسایش بمێنـنەوە.

ڕۆژنامەوانێـک کە لە شاری حەسەکە لەگەڵ فڕانس پـرێس کاردەکات، دەڵێت لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە شارەکە ئارامە و ژمارەیەک فرۆشگا کراونەتەوە.

میدیاکانی حکومەتی سوریا ئەوانیش ڕێکەوتنی ئاگربەستەکەیان پشـتڕاستکردەوە و دەڵێن چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و لە کاژمێر 9 ی ئەمشەو دەسـتدەکرێت بە ڕادەسـتکردنی بریندار و تەرمی کوژراوەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان.

XS
SM
MD
LG