Accessibility links

دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە شاری حەسەکە دەتەقنەوە و دەیان کوژراو و برینداریان لێ‌دەکەونەوە


دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە شاری حەسەکە تەقیونەتەوە و لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار کەوتوونەتەوە.

یەک لە تەقینەوەکان لە ناوچەیەکی باکوری شارەکە بوو کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن و بەهۆیەوە دەیان کەسی سیڤیل بوونەتە قوربانی و هەروەها 3 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشیش گیانیان لەدەسـتداوە.

محەمەد خەلۆ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئاسایشی گشتی ڕۆژئاوای کوردسـتان لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت لە دەوروبەری کاژمێر 1:30 ی نیوەڕۆ لە نزیک خاڵی پـشـکنینی ئاسایش لە ناوچەی خەشمان خۆکوژێـک ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگری لە نێو خەڵکە سیڤیلەکە تەقاندەوە و لە ئاکامدا زیاتر لە 10 کەسی سیڤیل و 3 ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەسـتداوە و بە دەیان برینداریش هەن. هەروەها ژمارەیەک زۆر لە ئۆتۆمبیل و ماڵی خەڵکی زیانیان پـێـگەیشتووە.

پاش ئەو تەقینەوەیە بە ماوەیەکی کورت تەقینەوەیەکی دیکە لە ناوەڕاستی شارەکە لە ناوچەی محەتتە ڕوویدا کە شوێنی وێستگەی شەمەندەفەرە و زۆربەی دانیشـتوانەکەی کرستیان و عەرەبن. هاوڵاتیـیەکی حەسەکە بە دەنگی ئەمەریکای گوت تەقینەوەکە هێندە بە هێزبووە هەموو شارەکەی هەژادندووە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو داعش هێرشی گەورەی کردووەتە سەر ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە و ئەم تەقینەوانەش بەشێکن لە هەوڵەکانی داعش بۆ چوونە ناو شارەکەوە.

XS
SM
MD
LG