Accessibility links

هێرشێـکی ئاسمانی بۆ سەر شارۆچکەیەکی ژێر دەستی نوسرە لە سوریا کوژرانی 22 کەسی لێدەکەوێتەوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئەنجامی هێرشێـکی ئاسمانی بۆ سەر شارۆچکەیەکی ژێر دەستی بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە لایەنی کەم 22 کەس کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هێرشەکە ئەمڕۆ هەینی کراوەتە سەر شارۆچکەی دەرکوش لە پارێزگای ئیدلیب لە نزیک سنووری تورکیا و لە نێو کوژراوەکاندا منداڵێـک و 7 ژن هەن. هەروەها دەیانی دیکە برینداربوون.

گوتیشی هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کێ هێرشە ئاسمانیـیەکەی ئەنجامداوە، بەڵام زیاتر پـێدەچێت فڕۆکەی سوری یان ڕووسی بووبن لەوەی فڕۆکەی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا.

فەیسبوکێـکی چالاکوانان چەند وێنەیەکی بۆردومانەکەی بڵاوکردووەتەوە و ناوی 22 کوژراوەکەی نووسیوە لەگەڵ 35 کەسی دیکەی بریندار کە دەڵێت بەشێـکیان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی تورکیا کراون.

ئەمە لە کاتێـکدایە کە لەشکری سوریا ڕایگەیاند لە کاتی جەژن سیستەمی هێورکردنەوە دەگرێتەبەر، واتە ڕاگرتنێـکی کاتی بۆ شەڕ.

XS
SM
MD
LG