Accessibility links

ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە ئەسەد بەرپرسیار بێت لە هێرشی کیمیایی و بەرەو بارگرژی دەڕوات لەگەڵ سەرۆک ترامپدا


ڕوسیا ڕەتی کردەوە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەستی هەبووبێت لە هێرشە کیمیاییەکەدا و وتی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی و ئەوەش وا دەکات بارگرژییەک دروست ببێت لەنێوان کریملین و بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەنێویاندا ئەمەریکا بەرپرسیارێتی هێرشە کیمیاییەکەیان خستە سەر حکومەتی سوریا کە خراپترین هێرشی کیمیایی بوو لە سوریا کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە شاری خان شەیخون کە لەژێر دەستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندایە لە باکووری سوریا.

لەلای خۆشیانەوە واشنتن پێیان وایە قوربانییەکان لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی سوریاوە بوون و گازی سارینیان ڕشتووە، بەڵام مۆسکۆ ڕوونکردنەوەیەکی جیای دا و وتی پێی وایە گازە ژەهراوییەکە لە کۆگای چەکە کیمیاییەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا بووە دوای ئەوەی فڕۆکەکانی سوریا بۆردومانیان کردووە.

دوو کاربەدەستی ئەمەریکیش کە نەیان ویست ناویان بڵاوبکرێتەوە ئەو لێدوانەی سوریایان ڕەت کردەوە و یەکێکیان وتی " ئەوە باوەڕپێنەکراوە، لێدوانەکانی ڕوسیا لەگەڵ ڕاستیدا یەکناگرنەوە."

کاربەدەستێکی کۆشکی سپیش لە لێدوانێکدا وتی " لێدوانەکانی ڕوسیا باوەڕ پێنەکراون و بڕوایان پێناکەین."

شایەنی باسە واشنتن و لەندەن و پاریس پیشنیاری ڕەشنوسێکیان کرد بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تیایدا لۆمەی دیمەشق دەکات، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕەشنوسەکەی بە " جێی قبوڵ نیە " ناودێرکرد و وتیشی لەسەر زانیاری ناڕاست ئەو بڕیارە دەردەکرێت.

هەروەها دیمیتری بێسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەوانی وت ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرپرسیارە لە گازە ژەهراوییەکە و هەروەها وتیشی " ڕوسیا و سوپاکەی بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئەرکەکانی دژی تیرۆر کە هێزە چەکدارەکانی ناو سوریا ئەنجامی دەدەن بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکە.

لەلای خۆشییەوە حەسەن حاج علی سەرکردەیەکی کۆمەڵەی سوپای ئازادی ئیدلب وتی لێدوانەکانی ڕوسیا کە بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر ئۆپۆزسیۆن " درۆن."

حەسەن بەردەوام بوو لە قسەکانی و بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " هەمووان فڕۆکەکەیان بینی کە گازی دەڕشت و هەمووانیش دەزانن جۆری فڕۆکەکە چی بوو."

هەروەها وتی " ئەو خەڵکانەی لە ناوچەکەدان هەموویان دەزانن ناوچەکە هیچ بنکەیەکی سەربازی و کۆگای تێدا نیە کە سەر بە ئۆپۆزسیۆن بێت."وتیشی " ئۆپۆزسیۆن بە هەموویانەوە ناتوانن ئەو جۆرە گازە دروست بکەن."

سەرۆکی تورکیاش رەجەب تەیب ئەردۆگان لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشە کیمیاییەکە وتی زیاتر لە 100کەس کوژراون بەهۆی ئەو هێرشەوە، وە تا ئێستاش هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەتوانراوە بکرێت لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆوە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG