Accessibility links

هێزێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بەهۆی هێرشی داعش لە نزیک ئەلبوکەمال پاشەکشە دەکات

  • VOA News

دوو سەرچاوە لە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، لەوانەی ئەمەریکا پاڵپشـتیـیان دەکات، دەڵێن هێزەکەیان ئەوەی دوێنێ سێشەممە فڕۆکەخانەیەکی بچوکی کۆنترۆڵکردبوو لە نزیک شارۆچکەی ئەلبوکەمال، ئەمڕۆ پاشەکشەی کردووە پاش ئەوەی داعش هێرشێـکی لە ناکاوی کردبووە سەریان.

هەردوو سەرچاوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە فڕۆکەخانەی حەمدان کە دوێنێ سێشەممە لە لایەن لەشکری نوێی سوریا ڕزگارکرا ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە لایەن داعشەوە دەستی بەسەرداگیرایەوە.

یەک لە سەرچاوەکان گوتی چەکدارانی داعش لە بۆسەیەکدا گەمارۆی هێزەکەیانی داو و زیانێـکی زۆری پـێ‌گەیاندوون و ژمارەیەکی دەسـتگیرکردوون و تەنانەت چەکەکانیشی بردوون.

مزاحم ئەلسەلوم گوتەبێژی لەشکری نوێی سوریا ئەویش گوتی هێزەکانیان شکستیان هێناوە و کشاونەتەوە بەرەو بیابانەکانی ناوچەکە و قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکەیان بۆ ڕزگارکردنی شارۆچکەی ئەلبوکەمال کۆتایی‌هات. بەڵام جەختی لەوە کرد کە هێزەکانیان بە لایەنی کەم توانیویانە داعش لە ناوچەیەکی فراوانی بیابانی دەوروبەری شارۆچکەکە وەدەرنێن.

داعش لەسەر ئنتەرنێت نووسیویەتی 40 چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی لەو فڕۆکەخانەیە کوشتووە و 15 ی دیکەی لێ دەسـتگیرکردوون.

جێی ئاماژەیە لەشکری نوێی سوریا ماوەی 18 مانگە پـێکهێنراوە لەو چەکدارانەی ئۆپـۆزسیۆن کە لە ساڵی 2014 وە لە ناوچەکانی دێرئەزوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەدەرنرابوون.

بەپـێی ئۆپـۆزسیۆن چەکدارانی ئەم هێزە سەرەتا لە کەمپـێکی ئەمەریکا لە ئوردن مەشق و ڕاهێنانیان پـێکراوە، بەڵام ئێسـتا زۆربەی مەشقەکەیان لە بنکەیەکی سەرەکیـیە لە شارۆچکەی تەنەفی سوریا کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای ئەلبوکەمال لە نزیک سنووری عێراق.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەمەریکا و بە فڕۆکە و چەک لەم هەڵمەتە پاڵپشـتی کردبوون.

XS
SM
MD
LG