Accessibility links

یونیسکۆ: تەقاندنەوەی پەرسـتگای بەعل شمینی مێژوویی سوریا لە لایەن داعشەوە تاوانی جەنگە

  • VOA News

بەڕێوەبەری ڕێـکخراوی یونیسکۆ بە توندی تەقاندنەوەی پەرستگای بەعل شمینی شاری مێژوویی تەدموری سوریا شەرمەزارکرد و دەڵێت ئەمە تاوانی جەنگە.

خانم ئایرینا بۆکۆڤا ڕۆژی دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتیشی ئەم کارەی داعش کردوویەتی تاوانێـکی دیکەیە لە دژی خەڵکی سوریا و مرۆڤایەتی کراوە و دەبێت ئەوانەی لە پشت ئەم کارەوەن سزابدرێن.

گوتیشی داعش هەرچەندە خەڵک بکوژێت و شوێنەوار وێرانبکات ناتوانێت مێژوو بگۆڕێت و لە کۆتاییدا شـکست دەهێنێت لەوەی مێشـکی خەڵکی بسڕێتەوە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە سەرچاوەی باوەڕپـێکراوەوە بۆی پشـتڕاستکراوەتەوە کە نزیکەی مانگێـک دەبێت داعش ئەو ئاسەوارە مێژوویـیەی تەقاندووەتەوە.

هەروەها مەئمون عەبدولکەریم بەڕێوەبەری گشتی ئاسەوار و مۆزەخانەکانی سوریا ئەویش هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی داعش بڕێـکی زۆر تەقەمەنی خستووەتە ناو پەرسـتگاکەوە بەر لەوەی بیتەقێنێتەوە. گوتیشی بەشە داخراوەکەی پەرسـتگاکە وێرانبووە و پایەکانی دەوروبەریشی کەوتوون.

بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی چوار سـاڵی شەڕی ناوخۆی سوریا زیاتر لە 300 شوێنەواری مێژوویی سوریا زیانی پـێـگەیشتووە یان بە تاڵان براوە.

XS
SM
MD
LG