Accessibility links

بەشار ئەسەد دەڵێت حکومەتەکەی هەموو ناوچەکان کۆنترۆڵ دەکاتەوە

  • VOA News

چەند کاژمێرێـک بەر لەوەی ئاگربەستی شەڕی ناوخۆی سوریا بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەڵێت سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچەیەکی سوریا بۆ ژێر دەسەڵاتی ڕژێمەکەی.

بەشار ئەسەد ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی شاری داریای نزیک دیمەشقی پایتەختی کرد و لەوێ قسەی بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی کرد و گوتی " دەوڵەتی سوریا سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچەیەک لە تێرۆرستان، گەڕاندنەوەی ئارامی، گەڕاندنەوەی بنیادانان، گەڕاندنەوەی ژێرخانی وڵاتەکە..."

هەروەها گوتی " هێزە چەکدارەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو ناوچەیەک لە سوریا بەبێ وچان و دوودڵی و ڕچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆ یان دەرەوە، ئەمەش بەپـێی دەسـتور کە نەک تەنها ڕێگە دەدات، بەڵکو دەشیسەپێنێت کە دەبێت بکرێت."

پاشان هێرشی کردە سەر ئەوانەی لە دژی ڕاپەڕیون و گوتی " هەندێک لە خەیاڵدا دەژین و هێشتا لە پاش پـێنج ساڵ بە ئاگا نەهاتوونەتەوە. تیایاندا هەیە دڵیان بە بەڵێنەکانی دەرەوە خۆش بوو کە ئەنجامیان نابێت."

ئەم قسانەی بەشار ئەسەد لە کاتێـکدایە کە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ئاگربەست لە سەرانسەری سوریا لە نێوان هەموو هێزەکان بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەڵام داعش و بەرەی فەتحی شام (بەرەی نوسرەی جاران) ناگرێتەوە.

XS
SM
MD
LG