Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا: حکومەت بە نیازی هێرشێـکی زەمینی گەورەیە بۆ سەر حەلەب

  • VOA News

بەرپـرسێـکی باڵای ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت حکومەت ئەمڕۆ سێشەممە هێزی زیاتری بۆ نزیک شاری حەلەب هێناوە تاوەکو هێرشێـکی زەمینی گەورە بکاتە سەر شارەکە.

ئەم هەوڵەی حکومەت پاش ئەوەیە کە هەفتەی ڕابردوو لە چوار قۆڵەوە هێرشێـکی فراوانی کردە سەر شارەکە بە مەبەستی گرتنەوەی بە تەواوی.

بەرپـرسەکەی ئۆپـۆزسیۆن بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت حکومەت لە یەک کاتدا لە چەند قۆڵێکەوە هێرشەکان دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانراوە بەرپەرچیان بدرێتەوە. گوتیشی هێشتا لە دوو شوێنی نزیک ناوچەی شێخ سەعید لە بەشی باشوری شارەکە حکومەت هێزی کۆکردووەتەوە. باسی لەوەش کرد هێزەکانی حکومەت هەوڵ دەدەن لە هەرچ شوێنێـکەوە بۆیان بکرێت بێنە نێو قوڵایی ناوچەکانی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆن. هەروەها لەشکر بۆردومانی بە هەلیکۆپـتەر زیاترکردووە و بۆمبی بەرمیلی بەکاردەهێنێت.

لە لایەکی دیکە فەرماندەی هێزێـکی عێراقی کە لە پاڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا شەڕی ئۆپـۆزسیۆن دەکات، بە ڕۆیتەرزی گوت هێزێـک ئامادەکراوە کە یەکەیەکی تایبەت پـێشڕەوی دەکات بە ناوی (قوات النمر) و لە ئێستاوە بە تانک و زرێپـۆش دەسـتیانکردووە بە جوڵە بۆ ئەنجامدانی هێرشێـکی گەورە بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب کە لە ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆندان.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەممە هێزەکانی حکومەت ناوچەی حندراتی باکوری شاری حەلەبیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام پاش چەند کاژمێرێـک ئۆپـۆزسیۆن لە ژێر دەسـتی دەرهێنانەوە.

XS
SM
MD
LG