Accessibility links

فڕۆکەی جەنگی لە بۆردومانکردنی شاری حەلەب و دەوروبەری بەردەوامن

  • VOA News

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ و کارمەندانی بەهاناچوون دەڵێن شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە دەیان هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر شاری حەلەبی بە شەڕ وێرانبوو کە مەزەندە دەکرێت هێشتا نزیکەی 250 هەزار کەس تیایدا مابنەوە.

هێرشەکان لە بەردەوامی ئەو بۆردومانە چڕانەیە کە فڕۆکەکانی سوریا و ڕووسیا دەیکەنە سەر ئەو شارە لە پاش هەفتەیەک لەو ئاگربەستەی بۆ ماوەی هەفتەیەک درێژەی کێشا.

کۆمەڵەکە دەڵێت شەوی ڕابردوو هێرشەکان کراونەتە سەر ئەو بەشەی شارەکە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆندایە و لە ئاکامدا ژمارەیەک کەس کوژراون یان برینداربوون.

بیبارس مشعل کارمەندی بەرگری شارستانی لە ناوچەکانی ئۆپـۆزسیۆن بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت هەتا 6 ی بەیانی بۆردومانی فڕۆکە بەردەوام بوون. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە شەودا هێرشەکان چڕتر دەبنەوە و هەموو جۆرە بۆمبێـک تیایاندا بەکاردەهێنرێن، هەر لە بۆمبی فۆسفۆریی و هێشوویی هەتا دەگاتە ناپاڵم.

بەڵام کارمەندێـکی دیکەی بەرگری شارستانی بە ناوی ئیسماعیل عەبدوڵڵا گوتویەتی دوێنێ شەو بەراورد بە شەوانی ڕابردوو هێرشەکان کەمتربوون.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەوەتای لە ڕۆژی دووشەممەوە ئاگربەستەکە بە کۆتایی هاتووە، لە شاری حەلەب و دەوروبەری 237 کەس بە هێرشە ئاسمانیـیەکان کوژراون کە 38 یان منداڵ بوون. هەروەها 162 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆن کوژراون. بەڵام کارمەندانی بەرگری شارستانی مەزەندە دەکەن نزیکەی 400 کەس کوژرابن.

XS
SM
MD
LG