Accessibility links

منداڵێـکی برینداری سوری جیهان غەمبار دەکات

  • VOA News

وێنە و ڤیدیۆی منداڵێـکی سوری بریندار جیهانی بە دوای خۆیدا غەمبارکردووە و جارێـکی دیکە بە بیر کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەهێنێتەوە کە خەڵکی سوریا لە ماوەی ئەم چەند ساڵە ڕابردوو دووچاری چ کارەساتێـک بوون.

ئوسامە ئەبو ئەلعز کە پـزیشـکێـکە لە حەلەب گوتی منداڵەکە ناوی عومران دەقنیشە و تەمەنی 5 ساڵە و شەوی چوارشەممە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی M10 و تیماری برینەکەی کراوە کە لە سەریدایە.

هەرچەندە منداڵەکە برینەکانی مەترسیدار نەبوون، بەڵام خۆڵ و تۆزی ئاکامی بۆردومانەکە هەموو جەستەی گرتبووەوە و لەگەڵ خوێنیدا تێکەڵ بووبوون. منداڵەکە لە پاش ئەو هەموو دەنگی فڕۆکە و بۆردومان و وێرانبوونی ماڵەکەیان بەسەریاندا یەک فرمێسـک بە چاوی نەدەهاتە خوارێ، بەڵکو سەیری خەڵکەکەی بەرامبەری دەکرد و خوێنەکەی سەر دەسـتی بە کورسی ئەمبوڵانسەکە دەسڕی.

محەمەد ڕسلان ئەبو شێخ کە وێنەگرێـکی ئازادە لە حەلەب و لە شوێنی ڕووداوەکە بووە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت " بێ دەنگی منداڵەکە و سەرنجەکانی وەهای لێکردین ئێمە بگرین و ئەو سەیرمان بکات."

گوتیشی کارمەندانی فریاکەوتن توانیان لەگەڵ عومران هەموو شەش ئەندامەکەی دیکەی خێزانەکەی بە زیندوویی لە ژێر داروپەردووی ماڵەکەیان بهێننە دەرێ.

XS
SM
MD
LG