Accessibility links

شەڕێـکی قورسی نێوان هێزەکانی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆن لە شاری حەلەب بەڕێوەیە

  • VOA News

هێزەکانی حکومەتی سوریا و هەروەها هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن هەریەکەیان چەکدار و چەکی زیاتر بۆ ناوچەکانی باشوری شاری حەلەب ڕەوانە دەکەن، ئەمەش وەکو بەشێـک لەو ئامادەکاریـیەی دەیکەن بۆ شەڕێـکی گرنگ لە ناوچەکەدا.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند نزیکەی 2 هەزار چەکداری سوری و ئێرانی و عێراقی و لوبنانی سەر بە حزبوڵڵا لە ڕێگەی جادەی کاستێلۆ لە باکوری شاری حەلەب گەیشتوونەتە ناوچەکە. هاوکات سەدان چەکداری ئۆپـۆزسیۆن بە تایبەتی لە گروپی فەتح ئەلشام، واتە بەرەی نوسرەی پـێشوو لە پارێزگای ئیدلیب و ناوچە گوندیـیەکانی ڕۆژئاوای حەلەب ئەوانیش گەیشتوونەتە باشوری شارەکە.

هێزەکانی حکومەت کە هەفتەی ڕابردوو گەمارۆی تەواوی ناوچەکانی شاری حەلەبی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆنیان دا لە پاش بڕینی دوایـین ڕێگەی گەیاندنی کۆمەک بۆیان کە دەکەوێتە باکوری شارەکەوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئۆپـۆزسیۆن توانی لە باشوری شارەکەوە گەمارۆکەی سەریان بشکێنن و لە ئێسـتادا دەڵێن شەڕ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری حەلەب.

هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە دوو ڕۆژی ڕابردوو توانیان جادەی خان تۆمان و ناوچەی ڕامۆسە و بارەگاکانی کۆلێژی لەشکری لە باشوری شاری حەلەب کۆنترۆڵ بکەن و هێزەکانی حکومەت لە بەشی باشوری شارەکە لە یەک داببڕن. ئەگەربێت و ئۆپـۆزسیۆن جادەی کاستێلۆ کۆنترۆڵبکاتەوە، ئەوا گەمارۆکە پـێچەوانە دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG