Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا تاکە ڕێگەی ئۆپـۆزسیۆن بۆ شاری حەلەب دەبڕن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ دوو سەرچاوەی ئۆپـۆزسیۆن دەڵێن هێزەکانی حکومەت لە باکوری ڕۆژئاوای شاری حەلەب پـێشڕەویـیان کردووە و توانیویانە تاکە ڕێگەی ئۆپـۆزسیۆن بۆ ئەو شارە بـبڕن.

زەکەریا مەلاحیفجی لە گروپی فەئستەقیم لە حەلەب بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت لە ئێستادا کەس ناتوانێت بچێتە ناو شارەکە یان لێی بێتە دەرەوە.

ئۆپـۆزسیۆن دەڵێت هێزەکانیان لە شەڕێـکی قورسدان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی کە لە شەوێ ڕابردووەوە لە لایەن لەشکری حکومەتەوە دەسـتیان بەسەرداگیراوە لە نزیک جادەی خالید بن وەلید کە بە جادەی کاستێلۆش ناسراوە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە پەیوندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە دەڵێت هێزەکانی حکومەت لە کێڵگەکانی مەلاح لە باکوری ڕۆژئاوای شاری حەلەب پـێشڕەویـیان کردووە و بەمەش تەنیا یەک کیلۆمەتر لە جادەی کاستێلۆوە دورن.

کاربەدەسـتێـکی دیکەی ئۆپـۆزسیۆن کە لە ناوچەکەیە ئەویش بە ڕۆیتەرزی گوتووە هەموو گروپەکان هێزیان بۆ شەڕەکە ڕەوانەکردووە و لە ئێستادا هەوڵ دەدەن ئەو شوێنانە ڕزگاربکەنەوە کە لە شەوەوە هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵی کردوون. ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو شەڕەکە زۆر قورسە و حکومەت بە هێزی ئاسمانی پاڵپشـتیـیەکی زۆری هێزەکانی لەسەر زەوی دەکات.

هێرشی فڕۆکە و تۆپـبارانی حکومەت بۆ سەر ئەو ناوچەیە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو وایکردبوو هاتوچۆکردن بەو جادەیە قورس و مەترسیدار بێت.

زەکەریا دەڵێت ئەمڕۆ کێشەکە لە مەترسیدا نەماوە، بەڵکو بە تەواوی بڕاوە.

نزیکەی 250 بۆ 300 هەزار کەس لەو ناوچانەی شاری حەلەب دەژین کە لە ژێر دەسـتی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندان.

شاری حەلەب بەشێـکی لە ژێر دەسـتی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنە و بەشێـکی لە بەدەست حکومەتەوەیە و گەڕەکی شێخ مەقسودی زۆرینە کورد لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی یەپەگەیە.

XS
SM
MD
LG