Accessibility links

ڕوانگەی سوری : کوژرانی 33 کەس لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک ڕەققە


ڕوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ وتی 33 کەس لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراون، هێرشەکە خوێندنگایەکی پێکاوە کە شوێنی ئاوارەکان بووە لە نزیک شاری ڕەققەی ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی داعش.

ڕوانگەی سوری کە چاودێری شەڕی ناو سوریا دەکات وتی پێی وایە ئەو هێرشە ئاسمانیە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بووبێت کە وڵاتە یەکگرتووەکان سەرکردایەتی دەکات دژی چەکدارانی داعش.

ڕامی عەبدول ڕەحمانی بەڕێوبەری ڕوانگە وتی چالاکوانانی ڕوانگە نزیکەی 33 تەرمیان ژماردووە لە شوێنی هێرشە ئاسمانییەکە کە شەوی دووشەممە نزیک مەنسورەی ڕۆژئاوای ڕەققە ڕوویدا.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش وتی هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بووبێت کە ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات و هاوڵاتیانی بێتاوانی تێدا کوژرابن بەڵام لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکات.

عەبدوڵ ڕەحمان وتیشی هێزەکانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا سەرکردایەتیان دەکات ئەم مانگە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ڕەققە زیادکردووە و بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سیڤیل.

شایەنی باسە پێشتر وتەبێژێک بەناوی هاوپەیمانانەوە ڕایگەیاندبوو کە هاوپەیمانان هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن هێرشەکانیان بەدوور بگرن لە هاوڵاتیانی سیڤیل و هەروەها لێکۆڵینەوەش لە کوژرانی ئەو هاوڵاتیانە دەکات کە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیدا کوژراون.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG