Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داوادەکات بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ڕژێمی ئەسەد بسەپێنرێت

  • VOA News

هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داوادەکات بەندی حەوتی پەیمانـنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر حکومەتی بەشار ئەسەد بسەپێنرێت، پاش ئەو هێرشە ئاسمانیـیەی کرایە سەر شاری خان شەیخون لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس بە گازی ژەهراوی.

عەبدول حەکیم بەشار جێگری سەرۆکی هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئستەنبوڵ ڕەخنەی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی گرت کە وەک دەڵێت لە ئاست تاوانەکانی حکومەتی سوریا بێ دەنگە. گوتی ئەگەر بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ڕژێمی بەشار ئەسەد نەسەپێنرێت ئیدی کەی بەکاردەهێنرێت. گوتیشی ئەم ڕژێمە زۆر لە داعش و قاعیدە خەڵکی سیڤیلی کوشتووە.

هەروەها گوتی" ئەرکی دادگای لاهای چیـیە؟ بۆ دادگایی‌کردنی تاوانکاران نیـیە؟ باشە چ تاوانکارێک لەم سەردەمە هەیە لە بەشار ئەسەد زیاتر تاوانکارتربێت."

لە بەشێکی کۆنگرەکە ئیدیعاکانی ڕووسیای ڕەتکردەوە کە دەڵێت فڕۆکەکانی سوریا عەمبارێـکی ئۆپـۆزسیۆنیان بۆردومانکردووە کە کەرەستەی کیمیایـیان تیادابوو. عەبدول حەکیم بەشار چەند وێنەیەکی نیشان دا و گوتی ئەو قسانەی ڕووسیا ڕاست نیـین و ئەم وێنانە نیشانی دەدەن بۆردومانی شوێنی سیڤیل کراون.

هەروەها ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا گرت و گوتی "بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ سوریا پـێـیگەیشتووە لە ئەنجامی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆبامایە کە بە لاوازی مامەڵەی لەگەڵ مەسەلەی سوریا کردبوو، ئەمەش ڕاستیەکەیە، بەڵام لێرەدا پـرسیار ئەوەیە هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی نوێ چیـیە؟ چی کردووە؟"

پاشان گوتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ هەتا ئێستا هیچی بۆ سوریا نەکردووە و تەنها بە شێوەیەک لێدوانی داوە کە بوار بە ڕژێم دەدات تاوانی زیاتر ئەنجام بدات.

شایەنی باسە بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە بە بەکارهێنانی هێزی لەشکری دەدات لە دژی ڕژێمی هەرچ وڵاتێک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی یان خەڵکی سیڤیل بکوژێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەیەک سازدەکات بۆ چۆنیەتی کاردانەوەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو بۆردومانەی دوێنێ سێشەممە کرایە سەر شاری خان شەیخون. هەموو بەڵگەکان ئاماژە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی جۆری گازی سارین دەکەن کە گازێـکی ئێجگار کوشندەیە و دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێـکدا مرۆڤ بکوژێت.

دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە بە زمانی عەرەبی

XS
SM
MD
LG