چالاکوانانی سوریا ده‌ڵێن دوو ته‌قینه‌وه له شـاری ئیدلبی باکوری ڕۆژئاوای وڵات ڕوویداوه و له ئاکامدا به لایه‌نی که‌م 20 که‌س کوژراون.
کۆمه‌ڵه‌ی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤی سوریا بنکه له بریتانیا ده‌ڵێت ته‌قینه‌وه‌کان باڵه‌خانه‌کانی ئاسایشی کردووه‌ته نیشـانه و زۆربه‌ی کوژراوه‌کان له هێزه‌کانی ئاسایش بوون.
ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی سـانای حکومه‌تی سوریا ئۆباڵی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌ی خسته ئه‌ستۆی تێرۆرسـتانه‌وه و گوتی بوونه‌ته مایه‌ی کوژرانی 8 که‌س.
هاوکات ئاژانسی سانا ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه چه‌کداران له دیمه‌شقی پایته‌خت موشه‌کێکیان گرتووه‌ته بانکی ناوه‌ندی سوریا و زیانیان به باڵه‌خانه‌که‌ی گه‌یاندووه، به‌ڵام زیانی گیانی لێ‌نه‌که‌وتووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت چه‌کدارانی تێرۆرست هه‌روه‌ها موشه‌کێـکی تریان گرتووه‌ته هێزێـکی گه‌ڕۆکی پـۆلیس له پایته‌خت و له ئه‌نجامدا به لایه‌نی که‌م 4 پـۆلیس برینداربوون.
ئه‌م هێرشانه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه به چه‌ند کاتژمێرێـک پاش ئه‌وه بوون که جه‌نه‌ڕاڵ ڕۆبه‌رت موود سه‌رۆکی تازه ده‌سـتنیشـانکراوی تیمی چاودێرانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له سوریا داوای له هێزه‌کانی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د و ئۆپـۆزسیۆن کرد شه‌ڕ ڕابگرن تاوه‌کو ئاگربه‌سـته‌که سه‌ربگرێت.
دوێنێ یه‌کشه‌ممه جه‌نه‌ڕاڵ موود گه‌یشته دیمه‌شق بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنی تیمێـکی 30 ئه‌ندامی ناچه‌کداری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ چاودێریکردنی ئه‌و ئاگربه‌سته لاوازه‌ی که له 12 ی مانگی چواره‌وه چووه‌ته قۆناغی جێبه‌جێـکردنه‌وه و هه‌تا ئێسـتا به‌رده‌وام پـێشێـل‌ده‌کرێت.
جه‌نه‌ڕال موود که نه‌رویژیـیه، داوای کرد کۆتایی به هه‌موو توندوتیژیـیه‌کان بهێنرێت، ده‌ڵێت چاودێرانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ناتوانن هه‌موو کێشه‌کانی ناو سوریا چاره‌سه‌ربکه‌ن، بۆیه داوای هاوکاری له هێزه‌کانی سه‌ر به ئه‌سه‌د و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵـداوان ده‌کات.
دوێنێ یه‌کشه‌ممه هاوکاتی ئه‌وه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ موود ئه‌و لێـدوانانه‌ی ده‌دا، چالاکوانان گوتیان به لایه‌نی که‌م 25 که‌س له سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌دا کوژراون، له نێویاندا 14 هاوڵاتی سیڤیل که له گوندی حه‌ممادی عومه‌ری پارێزگای حه‌ما گولـله‌باران کراون.