سه‌رۆکی کۆمکاری عه‌ره‌ب نه‌بیل ئه‌لعه‌ره‌بی ده‌ڵێت ئه‌و و سه‌رۆک وه‌زیری قه‌ته‌ر پـێـکه‌وه ڕۆژی دووشه‌ممه پـلانێـکی خۆیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی ڕه‌وشی نائارامی سوریا ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌ن.
ئه‌مڕۆ پـێـنجه‌شه‌ممه له لـێدوانێـکدا له قاهیره، ئه‌لعه‌ره‌بی گوتی ئه‌و و سه‌رۆک وه‌زیری قه‌ته‌ر داوا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌که‌ن ئه‌و پـلانه په‌سه‌ند بکه‌ن که داوا له سه‌رۆکی سوریا به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د ده‌کات ده‌سه‌ڵات بگوێزێته‌وه بۆ جێـگرێـکی و پاشـان حکومه‌تی نیشـتیمانی یه‌کگرتوو پـێـکبهێنرێت بۆ ئاماده‌کاری به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێـکی نیشـتیمانیدا.
ئه‌لعه‌ره‌بی گوتی له ڕۆژی شه‌ممه‌وه به‌ره‌و باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به‌ڕێـده‌که‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیری قه‌ته‌ر شێخ حه‌مه‌د بن جاسم ئال ثانی که سه‌رۆکایه‌تی کۆمیته‌یه‌کی کۆمکاری عه‌ره‌ب تایبه‌ت به قه‌یرانی سوریا ده‌کات.