Accessibility links

چالاکوانان ده‌ڵێن هێزه‌کانی سوریا له‌ حه‌ما 5 که‌سیان کوشـتووه‌

  • VOA News

چالاکوانان ده‌ڵێن هێزه‌کانی سوریا له‌ حه‌ما 5 که‌سیان کوشـتووه‌

چالاکوانان ده‌ڵێن هێزه‌کانی سوریا له‌ حه‌ما 5 که‌سیان کوشـتووه‌

چالاکوانانی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێن هێزه‌کانی ئاسایشی سوریا ته‌قه‌یان له‌ ئۆمبیلێـک له‌ شـاری حه‌مای ناوه‌ندی وڵاته‌که‌ کردووه‌ و له‌ ئاکامدا 5 که‌س کوژراون.

چالاکوانان ده‌ڵێن ته‌قه‌کردنه‌که‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ نزیـک شـارۆچکه‌ی خه‌تاب بووه‌، دوای ڕۆژێـک له‌ کوژرانی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ توندوتیژیـیه‌ خوێناویـیه‌کانی وڵاته‌که‌.

کۆمه‌ڵه‌ی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤی سوری بنکه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌ڵێت هێزه‌کانی سه‌ر به‌ حکومه‌ت دوێنێ سێشه‌ممه‌ به‌ لایه‌نی که‌م 24 که‌سیان کوشـتووه‌ و زۆربه‌یان له‌ پارێزگای ئیدلیب بوون که‌ له‌وێ له‌ شـاڵاوێـکی له‌شـکریدا 11 که‌سی سیڤیل کوژران.

کۆمه‌ڵه‌که‌ ده‌شڵێت پاشـان سه‌ربازانی هه‌ڵگڕاوه بۆسه‌یه‌کیان بۆ هێزێـکی گه‌ڕۆکی ئاسایش داناوه‌ و‌ 7 که‌سیان لێ کوشتوون.

نزیکه‌ی 8 که‌سی دیکه‌ی سیڤیلیش هه‌ر دوێنێ سێشه‌ممه‌ له‌ ڕووداوێـکی جودادا له‌ ئیدلیب کوژران کاتێـک هێزه‌کانی حکومه‌ت ته‌قه‌یان کرد له‌ به‌شـداربووانی مه‌راسیمی به‌خاکسـپاردنی ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ی له‌ ڕووداوه‌کانی پـێشـتردا کوژرابوون.

ئۆفیسی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت چه‌ندین ڕاپـۆرتی بڕواپـێـکراوی له‌ کۆمه‌ڵێـک سه‌رچاوه‌ی جیاواز‌ پـێـگه‌یشـتووه‌ که‌ نیشـانی ده‌ده‌ن کۆی کوژراوانی ئاکامی نائارامیـیه‌کانی ناو سوریا که‌ له‌وه‌تای مانگی سێـیه‌وه‌ ده‌سـتیپـێـکردووه‌ گه‌یشـتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 5 هه‌زار که‌س. باڵیۆزی سوریا بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئه‌و ژماره‌یه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌ و به‌ نادوروسـتی دانا.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌ و بۆ سێـیه‌م ڕۆژ له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌ مانگرتنی گشـتی به‌رده‌وام‌بوو، وه‌ک هه‌وڵێـک بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ حوکمڕانی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د له‌ ڕێـگه‌ی یاخیبوونی سیڤیلیـیه‌وه‌.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ له‌م مانگانه‌ی دواییدا توندوتیژی له‌ ڕاپه‌ڕینی سوریا زیادیکردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئاکامی شه‌ڕێ نێوان سه‌ربازانی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و هێزه‌کانی سه‌ر به‌ حکومه‌ت و هه‌روه‌ها ئه‌و خۆپـیشـانده‌رانه‌ی که‌ پـێشـتر به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشـتیـیانه‌ ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رده‌بڕی وا ئێسـتا بۆ به‌رگریکردن له‌ خۆیان چه‌ک هه‌ڵده‌گرن.

XS
SM
MD
LG