Accessibility links

کۆنگرەیەک سازدەکرێت بۆ کۆکردنەوەی 9 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سوریا


بڕیارە ڕۆژی پـێـنجشەممە وڵاتانی بەخشندە بۆ خەڵکی سوریا چوارەمین کۆنگرەی خۆیان لە شاری لەندەن سـازبکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی 9 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی زیاتر لە 13 ملیۆن کەسی سوری کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە زیانیان پـێگەیشتووە. هەروەها بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی دراوسێی سوریاش، ئەوانەی ئاوارەیەکی زۆری سوریان وەرگرتووە.

کۆنگرەکە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا و ئەڵمانیا و نەرویژ و کوەیت سەرپەرشتی دەکرێت و چاوەڕوان‌دەکرێت تیایدا زیاتر لە 70 کاربەدەسـتی نێودەوڵەتی بەشداری بکەن، لەوانە خانم ئەنگێلا مێرکڵ و بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەو 9 ملیار دۆلارە بڕیارە 1.23 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ناوچەکە تەرخان بکرێت، لەوانە تورکیا و لوبنان و ئوردن کە نزیکەی 4.6 ملیۆن ئاوارەی سوریان لەخۆگرتووە.

هەروەها لە کۆنگرەکە باس لە کۆسپەکانی بەردەم گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکانیش دەکرێت لە کاتێـکدا هێشتا لە چەندان ناوچەی وڵاتەکە شەڕ و بۆردومانی قورس بەردەوامن.

نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیارە لەم یارمەتیـیە زیاتر گرنگی بە یارمەتیدانی منداڵان بدرێت کە زۆربەیان بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی نێو وڵاتەکەیانەوە لە خوێندن دورکەوتوونەتەوە و لە ژیانێـکی سەخت دەژین.

پـیتەر سەلامە بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پـێویستە هەوڵێـکی بە پەلە بدرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەم نەوەیەی منداڵانی سوریا.

بەپـێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان 13.5 ملیۆن کەسی سوری پـێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە و زیاتر لە 6.5 ملیۆن کەسیان لە ناو وڵاتەکە ئاوارەبوون و زیاتر لە 4.5 ملیۆن کەسیشیان لە ژێر چادر لە وڵاتانی دراوسێی سوریا دەژین. هەروەها 8 ملیۆن منداڵی سوری پـێویستیان بە یارمەتی مرۆیـیە کە 2 ملیۆنیان لە کەمپەکانی ئاوارەیی دەژین.

XS
SM
MD
LG