Accessibility links

سویسرا لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی دەستپـێکردووە لە بارەی شیانی سیخوڕی ئەنکەرە بەسەر ڕەوەندی تورکی


داواکاری گشتی فیدراڵی سویسرا دەڵێت لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی دەسـتیپێکردووە لە بارەی شیانی سیخوڕی حکومەتی تورکیا بەسەر ڕەوەندی تورکی لە وڵاتەکەیاندا.

ئۆفیسی داواکاری گشتی لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی وتی" گومانی زۆر بەهێز هەن کە سیخوڕیەکی سیاسی بەسەر ڕەوەندی تورکی لە سویسرادا کرابێت."

ئۆفیسەکە هیچ وردەکاری زیاتری نەدا، تەنیا ئاشکرای کرد لە 16 ی ئەم مانگی سێـیەوە لێکۆڵینەوەکان دەسـتیانپـێکردووە.

وەزیری دەرەوەی سویسرا ڕۆژی پـێنجشەممە بە هاوتا تورکەکەی گوت سویسرا لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجام دەدات تاوەکو ڕوون ببێتەوە ئایا ئەنکەر هیچ سیخوڕیـیەکی نایاسایی بەسەر ڕەوەندی تورکی کردووە یان نا.

لێکۆڵینەوەکە پاش ئەو سکاڵایانە دەسـتیپـێکرد کە باس لەوە دەکەن زانیاری هەواڵگری کۆکراونەتەوە لەسەر بەشداربووانی چەند بۆنە و کۆڕێـک لە زانکۆی زوریخ لە کۆتایی ساڵی 2016 و سەرەتای ساڵی 2017 . دەڵێن ڤیدیۆ و وێنە بەشداربووانیش گیراون.

داواکاری گشتی لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کۆکردنەوەی زانیاری لە بەرژەوەندی هەر وڵاتێـکی بیانی کە ببێتە مایەی زیان گەیاندن بە سویسرا و خەڵکەکەی، ئەوا تاوانە و سزاکەی دەگاتە 3 ساڵ زیندان یان سزای دارایی.

XS
SM
MD
LG