Accessibility links

سویسرا درێژە بە سڕکردنی سەر پارەی دوو دیکتاتۆری پـێشووی عەرەب دەدات


حکومەتی سویسرا بڕیاری دا ماوەی ئەو سڕکردنەی لەسەر پارەی دوو دیکتاتۆری پـێشووی عەرەب و سەرۆکی پـێشووی ئۆکرانیا لە بانکەکانی وڵاتەکەی هەیە درێژبکرێتەوە.

دەسەڵاتدارانی سویسرا ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا ڕایانگەیاند بڕیاریان داوە پارەکانی هەریەک لە حوسنی موبارەک سەرۆکی پـێشووی میسر و زین ئەلعابدین بن عەلی سەرۆکی پـێشووی تونس و ڤیکتۆر یانکۆڤیچ سەرۆکی پـێشووی ئۆکرانیا و هەروەها خزمەکانیان بۆ 3 ساڵی دیکە بەردەوامبێت، ئەمەش تاوەکو بواری زیاتر لە بەردەم ئەو لێکۆڵینەوانەدا هەبن کە لە ئێسـتا لەسەریان دەکرێن.

سەرەتای ساڵی 2011 حکومەتی سویسرا بڕیاری دا پارەکانی موبارەک و بن عەلی و خزمەکانیان بۆ ماوەی 3 ساڵ سڕبکرێن، مۆڵەتی ئەم بڕیارە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو کۆتایی‌پێدێت.

پارەکانی یانکۆڤیچیش لەوەتای مانگی دووی ساڵی 2014 وە سڕکراون، واتە پاش لابردنی لە پـۆستەکەی.

حکومەتی سویسرا دەڵێت پارەکەی بن عەلی نزیکەی 59.4 ملیۆن دۆلارە و ئەوەی موبارەک نزیکەی 564.5 ملیۆن دۆلارە و ئەوەی یانکۆڤیچ نزیکەی 69.3 ملیۆن دۆلارە.

یاساکانی سویسرا ڕێگە نادەن بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ پارەی هیچ کەسێـک لە بانکەکانی سڕبکرێت، بەڵام لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو پارەی چەندان سەرۆک و ڕێبەری گەندەڵی جیهانی بۆ وڵاتەکانیان گەڕانووەتەوە، ئەمەش لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمەکانیان. بەپـێی حکومەتی سویسرا ئەو پارانەی گەڕانویانەتەوە بە 8 ملیار فرەنکی سویسری مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی 8 ملیار دۆلار دەکات.

XS
SM
MD
LG