Accessibility links

سوید لە زانیاریـیەکی عێراق سەبارەت بە شیانی ڕوودانی هێرشێـکی داعش لە ستۆکهۆڵم دەکۆڵێتەوە


دەسەڵاتدارانی سوید لە زانیاریـیەک دەکۆڵنەوە کە لە لایەن کاربەدەسـتانی عێراقەوە پـێـیان گەیشتووە و ئاماژە بە شیانی ڕوودانی هێرشێـکی تێرۆرستی داعش لە پایتەختی سوید دەکات.

سیرپا فرانزن گوتەبێژی سەنتەری نیشـتیمانی سوید بۆ دژە تێرۆر لەم بارەیەوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت زۆر جار زانیاری لەو شێوەیەیان پـێدەگات و جاری وا هەیە ڕاست دەرچووە و جاری واش هەیە ڕاست نەبووە.

پـێشـتر ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپـرێسنی سویدی ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی دەزگای ئاسایشی عێراق بە دەزگای ئاسایشی سوید SAPO ی گوتووە 7 بۆ 8 چەکداری داعش خۆیان کردووە بە سویددا بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشێـکی تێرۆرستی بۆ سەر ئامانجێـکی سیڤیلی لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت کە لەوێ نزیکەی 900 هەزار کەس دەژین.

دەزگای ئاسایشی سوید بە مەبەستی بەدەسـتهێنانی زانیاری زیاتر کاربەدەسـتانی خۆی ڕەوانەی عێراق کردووە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خانم سیرپا فرانزن بۆ ئاژانسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاندووە کە ئاستی وریایی لە وڵاتەکە هیچ بەرز نەکراوەتەوە و هەر لە پـلەی سێ هێشـتویانەتەوە. داواشی لە سویدیـیەکان کرد ئاسایـیانە لە ژیانی خۆیان بەردەوام بن.

شایەنی باسە بەپـێی ئامارە نوێـیەکان سوید بە بەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشـتوانەکەی دووەم وڵاتی یەکێتی ئەوروپایە لە پاش بەلجیکا کە لێوەی خەڵک چوونەتە ناو داعشەوە. بەپـێی زانیاریـیەکان لەوەتای ساڵی 2013 نزیکەی 300 کەس لە سویدەوە بەرەو سوریا و عێراق ڕۆیشتوون و پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردووە. نیوەیان خەڵکی شاری گوتنبێرگن کە دووەم گەورەترین شاری سویدە.

XS
SM
MD
LG