Accessibility links

داواکاری گشتی لە کۆریای باشور داوای دەستگیرکردنی سەرۆکی لەکار لابراو دەکات


داواکاری گشتی لە کۆریای باشور ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند هەوڵ دەدات دادگا بڕیارێک بدات بۆ دەستگیرکردنی پاک گیون هەی سەرۆکی لەکار لابراو بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت سەبارەت بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە کۆمپانیای گەورەی وڵاتەکەی.

پاکی تەمەن 65 ساڵ کە یەکەم ژنە لە کۆریای باشور بە شێوەیەکی دیموکراسیانە بووبێت بە سەرۆک، زیاتر لە دوو هەفتەیە لە پۆستەکەی لادرا دوای ئەوەی دادگای دەستوری بڕیارێکی پەرلەمانی پەسەندکرد بۆ لێپرسینەوە لەگەڵی سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون.

پاک تۆمەتبارکراوە بەوەی ڕێگەی بە چۆی سوون سیلی هاوڕێی داوە فشار بخاتە سەر کۆمپانیا گەورەکان تاوەکو پارە ببەخشنە دوو دەزگا کە پشتیوانیان لە کارە سیاسییەکانی کردبوو.

بەڵام پاک و چۆی هاوڕێی ڕەتیدەکەنەوە کاری هەڵەیان کردبێت.

ئۆفیسی داواکاری گشتی لە ڕاگەیاندنەکەیدا وتی پاساویان بۆ دەستگیرکردنی پاک هەیە کە گومان دەکرێت هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەکان بدات.

داواکاری گشتی هەفتەی ڕابردوو بۆ ماوەی 14 کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ پاکدا کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە دادگا دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات بۆ بڕیاردان لەسەر داوای دەسـتگیرکردنەکە، ئەگەر هاتوو پاک دەستگیرکرا، ئەوا داواکاری گشتی ماوەی 20 ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانی.

ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر پاکدا ساغ بوونەوە بەوەی بەرتیلی وەرگرتووە ئەوا ڕەنگە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ زیندانی بکرێت.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG