Accessibility links

دادگای دەستوری کۆریای باشور سەرۆکی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دەرکرد


دادگای دەستوری کۆریای باشور بە تێکڕای دادوەرەکانی دەنگی دا بۆ لابردنی پاک گیون هەی سەرۆکی وڵاتەکەیان لە پـۆستەکەی.

لی جونگ می کاربەڕێکەری سەرۆکی دادگاکە ئەمڕۆ هەینی لە دادگای دەستوری لە سیئۆل بڕیارەکەی خوێندەوە و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نشتیمانییەوە پەخش کرا.

وتی" ئێمە پێمانوایە بە دەرکردنی پاک لە ئۆفیسەکەی ئەوپەڕی سوودی دەبێت. بۆیە بە تێکڕای دەنگی دادوەران بڕیارمان دا سەرۆک پاک گیون هەی لە پـۆستەکەی لاببرێت."

هەر هەشت دادوەرەکەی دادگای دەستوری لەگەڵ ئەو بڕیارەی پەرلەمانی وڵاتەکەیان بوون کە لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو بە دەنگی زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی پشتیوانیان کرد لە بڕیاری لابردنی پاک لە ئۆفیسەکەی بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کەم تەرخەمی.

دادگاکە باسی لەوە کرد پاک دەستوری بە شێوەیەکی مەترسیدار پـێشێلکردبوو لە ڕێگەی پیلانگێڕان لەگەڵ چۆی سوون سیلی هاوڕێی دێرینی بۆ بە زۆر پارە سەندن لە کۆمپانیا کۆریـیەکان بە ناوی بەخشینی پارە و وایان لێکردوون زیاتر لە 69 ملیۆن دۆلار بە دوو دامەزراوەی گوماناوی بدەن. دەڵێن چۆی کاریگەریەکی ئێجگار زۆری بەسەر پاکدا هەبووە و کۆنترۆڵی ستافەکەی کردبوو هەرچەندە هیچ پـۆستێکی فەرمی لە حکومەتدا نەبووە.

لی جونگ می وتی " ئەم پێشێلکردنانە سەروەری یاسا و نوێنەرایەتی دیموکراسی لاوازدەکات."

پاک هەروەها سەرزەنشت کرا بەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا هاوکار نەبووە و ڕاستییەکانی بە لێکۆڵەرەوان نەوتبوو و هەوڵی دابوو نەهێڵێت دەسەڵاتی تەشریعی بە ڕۆڵی خۆی هەستێت لە بەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێکاردا.

دادوەرەکان لە پرسی تریش پاکیان تاوانبار کرد کە پێشێلکردنی گەورەی دەستور نەبوون، لەوانە لە کارەساتی ساڵی 2014 ی نوقمبوونی کەشتیەکەی سیئۆل بۆ ماوەیەکی دورودرێژ دیارنەبووە.

بەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای دەستوری کۆریای باشور، پاک گیون هەی تەمەن 64 ساڵ دەبێتە یەکەم سەرۆکی بە دیموکراسی هەڵبژێردراو لە مێژووی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی لابدرێت.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG