پـۆلیسی سوماڵ دەڵێت ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک ئوتێلێک لە جادەیەکی قەرەباڵغی مەقادیشۆی پایتەخت تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 13 کەس کوژراون.
پـۆلیس دەڵێت تەقینەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە جادەی مەکەی موکەڕەمە ڕوویداوە و زیانی بە خانویەک گەیاندووە. دەشڵێن ئامانجی ئۆتیلەکە بووە.
عەبدول قادر عەبدول ڕەحمان بەرپرسی ئەمبۆڵانسی لایەنە فریاگوزاریـیەکان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت تەرمی 13 کوژراو و 14 کەسی برینداریان لە شوێنی تەقینەوەکە هەڵگرتووەتەوە. گوتیشی شیانی هەیە ژمارەی کوژراوەکان زیادبکات.
بزووتنەوەی شەبابی سەر بە ئەلقاعیدە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و دەڵێت 17 کەسیان کوشتووە لە نێویاندا ژمارەیەک بەرپرسی گەورەی لەشکری و ئاسایشی و پەرلەمانتاری پێشوو هەن.
چەند کاژمێرێک بەر لەو هێرشە پاسێکی بچوکی بۆمبڕێژکراو تەقیوەتەوە کاتێـک شۆفێرەکەی ئامادە نەبوو لە خاڵێـکی پشکنین بوەستێت و پـۆلیسەکانی خاڵەکە لێ هاتنە دەست و تەقەیان لێکرد. لە ئەنجامدا شۆفێری پاسەکە کوژراوە و 2 کەسی ڕێبوار برینداربوون.