Accessibility links

سویسرا داوایەکی تورکیا ڕەتدەکاتەوە بۆ سزادانی کەسێـک سووکایەتی بە سەرۆکی تورکیا کردووە

  • VOA News

سویسرا داوایەکی تورکیای ڕەتکردەوە بۆ یارمەتیدانی لە سکاڵایەکی یاسایی دژی کەسێکی تۆمەتبار بە سووکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا.

گوتەبێژێکی ئۆفیسی دادوەری فیدراڵی سویسرا ئەمڕۆ هەینی گوتی وڵاتەکەی یارمەتی نوێنەری داواکارانی گشتی وڵاتانی بیانی دەدات ئەگەر بێت و تۆمەتبارەکە کارێکی کردبێت لە سویسراش بە تاوان دابنرێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا وەها نیـیە.

گوتیشی " ئەگەر لە سویسرا ڕەخنەیەکی هاوشێوە لە ئەندامێـکی حکومەت بگیرێت لە چوارچێوەی مشتومڕی سیاسی، ئەوا لە چوار ئازادی ڕادەربڕین چاوپۆشی لێدەکرێت."

گوتەبێژەکە ناسنامەی کەسەکەی ئاشکرا نەکرد کە تورکیا سکاڵای لەسەر هەیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی دژ بە ئەردۆغان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکاندا. هەروەها گوتی تورکیا 3 داواکاری دیکەی هاوشێوەی هەیە و هەر یەکەیان بە جیا سویسرا بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

جێی ئاماژەیە لەوەتای تورکیا هەڵمەتێـکی دەسـتپێکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە هەموارکردنی دەسـتوری وڵاتەکەی لەو ڕیفراندۆمەی بڕیارە لە مانگی چوار سازدەکرێت، پەیوەندیـیەکانی نێوان تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا گرژیـیان تێکەوتووە.

حکومەتی سویسرا هەفتەی ڕابردوو گوتی هیچ هۆکارێک نەبووە بۆ ڕێگەگرتن لە وەزیری دەرەوەی تورکیا وتارێک لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری زیورخ پـێشکەش بکات کە لەوێ دەسەڵاتدارانی خۆجێی ناڕەزایـیان هەبووە. سەرئەنجام کۆبوونەوەکە هەڵوەشێنرایەوە بەهۆی نەبوونی هۆڵێـک بۆ سازکردنی.

ئامارەکانی حکومەتی سویسرا نیشانی دەدەن نزیکەی 68 هەزار تورک لە سویسرا دەژین. ئەم وڵاتەی ئەوروپا ژمارەی دانیشتوانی 8.3 ملیۆنە و زیاتر لە 2 ملیۆنیان بە ڕەچەڵەک بیانین. باڵیۆزخانەی تورکیا لەسەر ماڵپەڕەکەی دەڵێت 130 هەزار تورک لە سویسرا هەن.

XS
SM
MD
LG