Accessibility links

پـیاوێـکی ئه‌مه‌ریکایی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک ته‌قه‌ له‌ دکتۆرێـک ده‌کات و پاشـان خۆی و دایکه‌ نه‌خۆشه‌که‌ی ده‌کوژێت


پـۆلیسی شـاری باڵتیمۆری سـتانی مه‌ریلاندی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت له‌ نه‌خۆشـخانه‌ی جانز هاپکنزی به‌ناوبانگ پـیاوێـک پاش ئه‌وه‌ی به‌ ده‌مانجه‌ ته‌قه‌ی له‌ دکتۆرێـک کردووه‌ و برینداریکردووه‌ خۆی و دایکی که‌ نه‌خۆش بووه‌ کوشتووه‌.

به‌رپـرسی باڵای پـۆلیس (فردریک بێلافڵد) گوتی واڕن داڤیسی ته‌مه‌ن 50 سـاڵ‌ فیشه‌کی ناوه‌ به‌ سکی دکتۆره‌که‌ کاتێـک به‌ باری خراپی ته‌ندروستی دایکی زانیوه‌. پاشـان خۆی له‌ ژورێـکی نه‌خۆشخانه‌که‌ حه‌شـارداوه‌.

هێزه‌کانی پـۆلیس به‌شـێـکی نه‌خۆشـخانه‌که‌یان چۆڵکرد و شه‌قامه‌کانی ده‌وروبه‌ریان گرت.

فردریک بێلافڵد گوتی پاش 2 کاتژمێر هێزه‌کانی پـۆلیس خۆیان کرد به‌ ژوره‌که‌دا و بینیان پـیاوه‌که‌ و دایکی مردوون.

هیچ زانیاریـه‌ک سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆشیـیه‌که‌ی دایکی بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه‌.

دکتۆره‌که‌ش به‌ په‌له‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ژوری نه‌شته‌رگه‌ری و پـێشبینی ده‌کرێت له‌ مردن ڕزگاری بێت.

سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوه‌ هاوکارمان جانی دیلان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ دکتۆر به‌ختیار که‌ریم له‌ نه‌خۆشـخانه‌ی جانز هاپکنز کردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 3:45 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG