چوارشه‌ممه، به هه‌زاران له لایه‌نگرانی سه‌رۆکی میسر حوسنی موباره‌ک و خۆنیشانده‌رانی ناڕازی له مه‌یدانی 'ته‌حریر' له قاهیره به‌شه‌ڕ چون ڕۆژێک پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆک موباره‌ک ڕایگه‌یاند ئه‌و خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی نۆ کاندید ناکاته‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌و گوتیشی تا ئه‌و کات له پۆسته‌که‌ی خۆی دا ده‌مێنیته‌وه.
شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی شیروان شه‌میرانی بنکه له به‌غدا ده‌ڵێت دوو ڕێگا هه‌یه بۆ ناچارکردنی موباره‌ک ده‌ست له کار بکێشیته‌وه. یان ئه‌وه‌تا خۆنیشانده‌ران ده‌بێت پێ داگرن له‌سه‌ر گوشاریان و به زۆری له کورسی ده‌سـه‌ڵات بێنه خواره‌وه یانیش ئه‌وه‌تا، ڕۆژئاوا به تایبه‌تی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، ده‌بێت فشاری بۆ بهێنن تا ده‌ست له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگرێت.