Accessibility links

شێرزاد حەسەن: هەمووان بە ناوی خوداوە شمشێریان بەدەستەوەیە


شێرزاد حەسەن لە وتووێژێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا باس لە نەهامەتییەکانی خەڵک و تیرۆر و کارەساتە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

لەبەشێکی وتووێژەکەدا شێرزاد حەسەن دەڵێت: "ئەمە چ خودایەکە کە ئێوە دروستان کردووە لەشێوەی خۆتان و ناوی جەنگاوەرە"

چاودێران تیشکدەخەنە سەر کۆمەڵێک رەهەندی جومگەیی کە تێکڕا گفتوگۆو شیکاریی گەورە دەخوازێت، رەوشی مرۆڤ بوون و مەترسی لەسەر تەواوی بەها مرۆیی و سروشتی و مۆڕاڵی و مێژووییەکانی مرۆڤایەتی راماندەگرێت لەبەردەم گومان و بەرپرسیارێتی گەورەدا. کێشەکە تەنها تیرۆر نییە، داعش و مەترسییەکانی تیرۆر سەرجەم جیهانی لەیەک گۆڕەپانی جەنگ و پڕ کێشمەکێشی سەربازی و ناوچەیی و ئاینییدا کۆکردەوە، بەڵام ئایا خودی مرۆڤ و پەروەردە و ئاین و جیهان بەشدار نیین لەم نەهامەتییە گەورەیەدا.

بۆ ئەم مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و روناکبیر شێرزاد حەسەن سازکردووە.

لەبارەی نەهامەتییەکانی خەڵکەوە شێرزاد حەسەن دەڵێت : "لەوەتەی یەکەمین بیرە نەوتمان دۆزیوەتەوە، تا ئێستا دەچێتە گیرفانی کێ؟ کۆمەڵێک سیاسەتباز. ئەزانی سەرسەرییەکانی کۆن جوامێرتر بوون چونکە ئەخلاقیان هەبوو، رەوشتیان هەبوو، کە دەیگوت بەشەرەف بە ڕاستی بوو، جاری وا هەبوو ئەگەر شتێکی زیاتری دەستبکەوتایە دەیدا بە هاوڕێکەی، ئەمانە چەتەیەکن بەشیشت نادەن لەو چەتەگەرییە".

هەروەها دەڵێت : "ئێمە لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگییەوە بە گشتی داوەشاوین و داڕزاوین، بڕوادەکەم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە خودی رۆژهەڵات لەو کارگانەی ئێمە پەروەردە دەکات لەسەر دڵڕەقی پەروەردەمان دەکەن، لەسەر جیاکاریی، لەسەر خۆبەزلزانی پەروەردەمان دەکەن، یان لەسەر جیاکاریی بەناوی مەزهەبگەرا، بە ناوی ئایدۆلۆژیایی سەرزەمینی بێت یان ئاسمانی بێت لەت و پەتمان دەکەن".

لەبارەی رادیکالیزمی ئاینی و تیرۆریشەوە زۆر پرسی گرنگ دەوروژێنێت و لەشوێنێکدا دەڵێت "من دژی ئاین نیم، زۆر کەس غەریب لە من تێدەگەن. من دژی ئەو جۆرە ئاینەم کە ژیانم بە ڕوودا دادەخات و ناویشی دەنێت تۆ ببە بە بەهەشتی بەم چەشنە، پرسیاری من ئەوەیە ئایا بە ڕاست ئەمە چ خودایەکە کە ئێوە دروستانکردووە لەشێوەی خۆتان و ناوی جەنگاوەرە، بۆ نمونە شیعە و سونە 1400 ساڵە بە شەڕدێن و ئاشت نەبونەتەوە هەردوو عەرەبن، باشە ئایا بە ڕاست ئەوان دوو خودایان هەیە یان یەک خودا"

فەرموون لەگەڵ بەشی یەکەمی وتووێژەکە

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:57 0:00

XS
SM
MD
LG