Accessibility links

حاکم له‌تیف: ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خۆزگه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و له‌ سه‌ر ماده‌ی 140 بوایه‌

  • Haider Kareem

ماوه‌یه‌که‌ کێشه‌ی نێوان سه‌رکردایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق قوڵتر بوونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش پاش هاتنی تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق و پاشان چوونی بۆ قه‌ته‌ر و سعودیه‌.

حاکم شێخ له‌تیف ده‌ڵێت پێموایه‌ له‌ ڕاستیدا گیروگرفته‌کان له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر که‌ڵه‌که‌بوونه‌ و له‌ ڕابردوودا هه‌میشه‌ هه‌رێمی کوردستان باسکردنی ئه‌و گیروگرفتانه‌ی دوواخستوونه‌. به‌ڕاستی هۆکاری ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌که‌ دیاره‌ یه‌که‌م جار سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ نه‌وتییه‌کان بوو له‌ نێوان هه‌ردوو لادا، دووه‌م جاریش مه‌سه‌له‌ی هاشمی. خۆزگه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و له‌سه‌ر ماده‌ی 140 و له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ بووایایه‌. به‌ڵام من ده‌ڵێم له‌وانه‌یه‌ مه‌سه‌له‌ نه‌وتیه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک به‌شێک بن له‌ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێوراوه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ریم . هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ ئینکاری ناکرێت که‌ به‌ڕاستی کێشه‌ی که‌ڵه‌که‌ بوو له‌ نێوان هه‌ردوو لادا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی جۆری ته‌قاندنه‌وه‌ی کێشه‌که‌ پێموایه‌ له‌ لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو.

حاکم شێخ له‌تیف ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق سه‌ر به‌ لیستی گۆڕان له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت به‌ گرژییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کورستان و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق گوتی به‌ته‌ئکید واده‌رده‌که‌وێت که‌ کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تابعی شه‌خسی پێوه‌بێت. ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر تابعی شه‌خسی نییه‌ و تابعی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌، دیاره‌ هه‌موومان ده‌بێت به‌شداربین و من بم له‌ باتی سه‌رۆکی هه‌رێم تا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌مووان به‌شداری پێده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ یه‌که‌م هه‌موومان بزانین که‌ ئه‌مه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌ و دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان بکه‌وینه‌ به‌ر به‌رپرسیاره‌تییه‌وه‌. ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی که‌واش ده‌کات که‌ ئێمه‌ گومان بکه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م شتانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان نه‌بن به‌ڕاستی تۆ تێبینی ده‌که‌ی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وته‌که‌ گومان هه‌یه‌ و حوسێن شه‌هرستانی که‌ وه‌زیری نه‌وته‌ چه‌ندین جار گوتوویه‌تی نه‌وت سه‌روه‌تی عێراقه‌ و هی خه‌ڵکی کوردستانیشه به‌ڵام با شه‌فافییه‌ت هه‌ىێت با په‌رله‌مانی کوردستان بزانێت ئێمه‌ ڕازین. یان ئێستا له‌ ئه‌م کێشه‌یه‌دا ده‌ڵێت ئێمه‌ هه‌رگیز کۆسپ بۆ هیچ لایه‌نێک دروست ناکه‌ین ته‌نانه‌ت بۆ کوردستانیش و ئێمه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ دروست ده‌که‌ین که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ته‌هریب بردنی نه‌وتی عێراق و کوردستانیش بۆ مه‌به‌ستی شه‌خسی به‌کار‌بهێنن.

حاکم شێخ له‌تیف ده‌شڵێت به‌ڵام دوواجار کاتێک که‌ هاشمی هاته‌ کوردستان و داڵده‌درا له‌ ئه‌نجامدا توومه‌ت و توومه‌تبارکردن به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کتری دروست بوو به‌ تایبه‌تیش کاتێک که‌ هێڕش کرایه‌ سه‌ر شه‌خسی سه‌رۆکی هه‌رێم شته‌کان توندتر بوونه‌وه‌ که‌ له‌کاتێکدا به‌ڕاستی من ده‌ڵێم ده‌بێت ئێمه‌ هه‌موو هه‌ڵوێستێمکان سه‌باره‌ت به‌ به‌غدا یه‌که‌م بێت، دراسه‌کراو یه‌کگرتووبێت.

دو‌وه‌میش که‌ سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بێت و نابێت له‌سه‌ر ئاستی که‌سایه‌تییه‌کان بێت.

سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ی تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق، حاکم شێخ له‌تیف ده‌ڵێت به‌ڕاستی ئه‌وه‌ ئیشی ئێمه‌ نییه‌ بڵێن ئه‌و کێشه‌یه‌ سیاسییه‌ یا سیاسی نییه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ی هاته‌ کوردستان به‌ڕاستی ئه‌مه‌ ڕای گشتی شیعه‌شی به‌رامبه‌ر به‌ کوردستان ووروژاندووه‌ که‌ له‌ قازانجی ئێمه‌دا نییه‌ شیعه‌ بووروژێنین، چونکه‌ یه‌که‌م ئێمه‌ بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت به‌شێك بین له‌و عێراقه‌ یان ببین به‌ دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆش، شیعه‌ زۆرینه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی دیموکراتی بێت ئه‌وان هه‌ر حکومڕانی ئه‌م وڵاته‌ ده‌که‌ن، به‌ دیکتاتۆریش بێت تازه‌ هه‌ر حکوم به‌رناده‌ن، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ له‌ گه‌ڵیان به‌شێک بین له‌م عێراقه‌دا هه‌ر قازانجمانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت. به‌شێکیش نه‌بین هه‌ر قازانجمانه له‌ گه‌ڵ ئه‌م پێکهاته‌یه‌ په‌یواندیمانباش بێت.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی وتووێژه‌که‌‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 10:51 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG