Accessibility links

لە هێرشێـکی خۆکوژیدا بۆ سەر مزگەوتێـکی شیعە لە سعودیـیە 2 کەس دەکوژرێن


وەزارەتی ناوخۆی عەرەبستانی سعودیە دەڵێت 2 خۆکوژ هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێـکی شیعەکان لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و لە ئاکامدا 2 کەس کوژراون و 7 کەسی دیکە برینداربوون.

جەنەڕاڵ مەنسور تورکی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سعودیـیە گوتی هەردوو خۆکوژەکە ئەمڕۆ لە کاتی نوێژی هەینی هەوڵیاندابوو خۆیان بکەن بە مزگەوتی ڕەزا لە ناوچەی مەحاسنی شاری ئیحسا، بەڵام هێزەکانی ئاسایش ڕێگەیان پـێ نەداون، بۆیە یەکێـکیان لە بەردەم دەرگای مزگەوتەکەدا خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەیان کەوتە شەڕە تەقە لەگەڵ هێزەکانی پـۆلیس و سەرئەنجام ڕێگەیان پـێنەداوە خۆی بتەقێنێتەوە و کوشتویانە.

هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت 2 کەس کوژراون، بەڵام پـێشـتر کاربەدەسـتانی ئاسایش بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسیان ڕاگەیاند 3 کەس کوژراون.

بەپـێی دیمەنەکانی ڤیدیۆیەک، پاش ڕووداوەکە هێزەکانی پـۆلیس کەوتنە تەقەکردن بە ئاسمانی ناوچەکە تاوەکو کۆمەڵێـک خەڵکی توڕە دوربخەنەوە لە ئۆتۆمبیلێـکی پـۆلیس کە کەسێـکی گومانباری تیادا دەسـتگیرکرابوو.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG