Accessibility links

بڕیارە چوارشەممە ژمارەیەک لە گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە سعودیـیە کۆببنەوە


بڕیارە ژمارەیەک لە گروپەکانی ئۆپـزۆزسیۆنی سوریا لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و هەروەها نوێنەری لە گروپە چەکدارەکانیان ڕۆژی چوارشەممە لە ڕیازی پایتەختی عەرەبسـتانی سعودیـیە کۆنگرەیەک سـازبکەن بە مەبەستی یەکخستنی ڕیزەکانیان و دەسـتنیشـانکردنی 20 کەس تاوەکو نوێنەرایەتیـیان بکەن لە وتووێژەکانی چاوەڕوان دەکرێت سـازبکرێن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا.

بەشداربووەکان بریتی دەبن لە گروپی ناسراو بە هاوبەندی نیشـتیمانی بۆ هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپـۆزسیۆنەکان و گروپی دەستەی هەماهەنگی نیشـتیمانی بۆ هێزەکانی گۆڕانکاری دیموکراسی و گروپی کۆنگرەی قاهیرە کە ژمارەیەک ڕەوت و کەسایەتی ئۆپـۆزسیۆنی ناوخۆ و دەرەوەی سوری لەخۆ گرتووە.

هەروەها ژمارەیەک گروپی چەکداریش تیایدا بەشداری دەکەن، لەوانە بەرەی باشور کە لە پارێزگای دەرعای باشوری سوریا چالاکن، دەڵێن لە 58 لایەن پـێکهاتوون. لەشکری ئیسلام ئەویش بەشداری دەکات کە لە 50 گروپ زیاتر پـێکهاتووە و بە گشتی لە نزیک دیمەشقی پایتەخت چالاکن. هەندێـک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن بزوتنەوەی ئەحرار ئەلشامی هاوپەیمانی بەرەی نوسرە ئەویش بانگهێشتی کۆنگرەکە کراوە.

هاوکات ئەحمەد مەعاز ئەلخەتیب سەرۆکی پـێشووی هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بەشداری لە کۆنگرەکە ناکات. هەروەها هەیسەم ئەلمەناع سەرۆکی ڕەوتی ناسراو بە (قيم - مواطنة - حقوق) ئەویش بەشداری ناکات.

پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی (پەیەدە) و هێزی لەشکری یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراون. هەروەها هیچ حزب و لایەنێـکی دیکەی کوردیش بانگهێشتی کۆنگرەکە نەکراوە، جگە لە چەند کەسێـکی کورد لە چوارچێوەی هاوبەندی و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بەشداری دەکەن.

مونزر خەدام گوتەبێژی دەستەی هەماهەنگی نیشـتیمانی ئۆپـۆزیۆنی سوریا دەڵێت لەو کۆنگرەیە دوو خاڵی سەرەکی تاووتوێ دەکرێن، بریتی دەبن لە ڕۆڵی بەشار ئەسەد لە قۆناغی گواستنەوە، پـێکهێنانی شاندێـکی یەکگرتوو کە نوێنەرایەتیـیان بکات لە وتووێژەکانی بڕیارە لە ئایندە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی سوریا سـازبکرێن.

XS
SM
MD
LG