Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزا دەسەپـێنێت بەسەر لقەکانی داعش لە لیبیا و یەمەن و سعودیـیە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لقەکانی داعش لە لیبیا و عەرەبستانی سعودیـیە و یەمەنی خستە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە جیهانیـیەکانەوە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند ئەم لقانەی داعش ڕێکخراوی تێرۆرستی جیهانین و ئەو سزایانە دەیانگرێتەوە کە لە بڕگەی یەکی بڕیاری ژمارە 13224 ی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا هاتوون.

هەروەها لقی داعش لە لیبیا ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی بیانیشە و ئەو سزایانەش دەیگرێتەوە کە لە بڕگەی 219 ی وەزارەتی کۆچبەری و هاوڵاتیبوون ئاماژەیان‌پـێکراوە.

وەزارەتەکە دەشڵێت ئەم سێ لقە هەرچەندە لە ناوچەی بچوکدا لەو وڵاتانە هەن، بەڵام چەندان هێرشی خوێناویان ئەنجامداوە. ئاماژە بۆ داعشی یەمەن دەکات کە لە مانگی سێی سـاڵی 2015 هێرشیان کردووەتە سەر 2 مزگەوت لە سەنعا و لە ئاکامدا زیاتر لە 120 کەس کوژراون و 300 کەسی دیکە برینداربوون. داعشی سعودیـیەش هێرشی کردووەتە سەر مزگەوتی شیعە لە سعودیـیە و کوەیت و بووەتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 50 کەس. داعشی لیبیاش خەڵکی سیڤیل و کارمەندی حکومی دەکاتە ئامانج و هەتا ئێستا بە دەیان کەسی کوشتووە و هەروەها 21 بارمتەی قپـتی کرستیانی ئیعدامکردووە.

ئەم دوو بڕیارەی ئەمەریکا پاش ئەوە دێن کە مەترسیـیەکانی لقی داعش لە لیبیا زیاتربوون و هاوکات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکرێت بۆ لابردنی قەدەغەی سەر هەناردەکردنی چەک بۆ حکومەتی لیبیا تاوەکو شەڕی داعشی پـێبکات.

بەم هەنگاوەی لە ئێسـتادا 8 لقی داعش لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزایان بەسەردا سەپێندراوە. پـێشتر داعشی خوراسان، داعشی سینا، جوند ئەلخەلافە لە جەزائیر، بۆکۆ حەرام، داعشی باکوری قەوقاز سزایان بەسەردا سەپێندرابوون.

بەپـێی سزاکان هەر هاوڵاتیـیەکی ئەمەریکایی پشـتیوانی ماددی لەو گروپانە بکات یان مامەڵەی دارایی‌یان لەگەڵدا ئەنجام بدات، ئەوا سزا دەدرێت. هەروەها ئەگەر ئەو گروپانە هەرچ پارەیەک یان موڵکێکیان لە ناو ئەمەریکادا هەبێت، ئەوا دەسـتیان بەسەردادەگیرێت.

XS
SM
MD
LG