Accessibility links

عەرەبسـتانی سعودیـیە خانمێـکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەسـتگیردەکات

  • VOA News

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International دەڵێت عەرەبستانی سعودیە خانمێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤی دەسـتگیرکردووە و ئەمەش پاشگەزبوونەوەیەکی نوێ و مەترسیداری ئەو وڵاتەیە لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤدا.

ڕێکخراوەکە دەڵێت بەپـێی چالاکوانان لە عەرەبستانی سعودیە بەیانی سێشەممە دەسەڵاتداران خانم سەمەر بەدوی‌یان لە شاری جەددە دەسـتگیرکردووە و کچە منداڵەکەی کە تەمەنی 2 سـاڵە لەگەڵیدا بردوویانە بۆ بنکەی پـۆلیس و پاش 4 کاژمێر لە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەرەو زیندانی زەهران بردوویانن. دەشڵێن بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ببرێتە بەردەم داواکاری گشتی.

سەمەر جگە لەوەی داکۆکیکارێکی مافەکانی مرۆڤە، خوشکی ڕائیف بەدەویشە، ئەوەی لەسەر تێڕوانینەکانی لە بەرامبەر ئاینی ئیسلام حوکمی 10 سـاڵ زیندانی دراوە لەگەڵ 1000 جەڵدە. هەروەها هاوسەرەکەشی وەلید ئەبولخەیر کە ئەویش پارێزەرێـکی مافەکانی مرۆڤە لەگەڵ براکەی دەسـتگیرکراوە.

ئینساف حەیدر هاوسەری ڕائیف کە لە ئێسـتادا لە کەنەدا لەگەڵ سێ منداڵی پەنابەرن، لە تویتەرەکەی خۆی هەواڵی دەسـتگیرکردنی سەمەری پشـتڕاستکردەوە.

دەڵێن پـێدەچێت سەمەر لەسەر نووسین لە تویتەری وەلیدی هاوسەری دەسـتگیرکرابێت کە ئەویش پارێزەرێـکی داکۆکیکارە لە مافی مرۆڤە و دەسـتگیرکراوە.

فیلیپ لوسەر بەرپـرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی ئەمنستی لەم بارەیەوە گوتی دەسـتگیرکردنی سەمەر پاشگەزبوونەوەیەکی نوێ و مەترسیداری سعودیـیەیە لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ. هەروەها ئەمە نیشانی دەدات دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر سەرکوتکردن و تۆقاندنی داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ تاوەکو ناچاریان بکەن بێ دەنگ بن.

XS
SM
MD
LG