وەزارەتی ناوخۆی عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێت ئەو کەسە خۆکوژەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە خۆی لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری جەدە تەقاندەوە خەڵکی وڵاتەکەیان نەبووە.
لیوا مەنسور تورکی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سعودیـیە لە لێدوانێـکیدا بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبیـیە گوتی بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان دەرکەوتووە خۆکوژەکە تەمەنی لە سیـیەکاندا بوو و سعودی نەبووە، بەڵام لە ئێسـتادا هیچ وردەکاری زیاتری لەسەر بڵاو ناکەنەوە هەتا بە تەواوی لە ناسنامەکەی یەکلا دەبنەوە.
باسی لەوەش کرد کە هێشتا ڕوو نیـیە ئامانجی هێرشەکەی کوێ بووە، چونکە چەند شوێنێـکی گرنگ لەو ناوچەیە هەن، لەوانە مزگەوتێـک کە لە کاتی هێرشەکە خەڵکی نوێژیان لێدەکرد.
گوتیشی کاتێـک هێزەکانی ئاسایش گومانیان لێکردبوو بەرەو ڕووی چوون و ئەویش پشـتێنە بۆمبڕێژکراوەکەی بەخۆیدا تەقاندووەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە هەموو تەقەمەنیـیەکان نەتەقیونەتەوە. بۆیە تەنیا خۆکوژەکە گیانی لەدەسـتداوە و دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی بە سووکی برینداربوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد چەند بۆمبێـکی چێنراو لە لایەن هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە.