Accessibility links

دوو سیخوڕی ڕووسیا تاوانبار دەکرێن بە هاککردنەکەی ساڵی 2014 ی ئیمەیڵەکانی یاهوو


وەزارەتی دادی ئەمەریکا دوو سیخوڕی ڕووسیا و دوو گومانباری تر تاوانبارکرد بە بردنی زانیاری کەسێتی سەدان ملیۆن کەس لە ڕێگەی هاککردنی ئیمەیڵەکانی یاهووەوە لە ساڵی 2014.

ماری مککۆرد یاریدەدەری داواکاری گشتی وتی ئەو چوار تاوانبارە دووانیان فەرمانبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیان (FSB) و دووانەکەی تریان هاککەرن و یارمەتیان داون لە بردنی زانیارییەکان.

خاتوو مککۆرد ناسنامەی هەردوو فەرمانبەرەکەی دەزگای FSB ئاشکراکرد و وتی هەریەک لە دیمیتری دۆکوچایێڤ تەمەن 33 ساڵ و ئیگۆر سوشچین تەمەن 43 ساڵ، هەردوو هاککەرەکەیان پاراستووە و ئاڕاستەکردووە و ئاسانکاریان بۆ کردوون و پارەیان داونەتێ لە بەرامبەر هاککردنی کۆمپیوتەرەکان لە ئەمەریکا و بردنی زانیاریـیەکان.

وتیشی هاککەرەکان حسابی کاربەدەستانی حکومەتیان کردۆتە ئامانج لە ڕووسیا و ئەمەریکا و هەروەها ڕۆژنامەوانان و کەسانی سەربازی و ئەوانەی لە بواری دارایی کاردەکەن.

ئەلێکسی بێلان، یەکێکە لە هاککەرەکان دوو جار لە لایەن ئەمەریکاوە بە هاککردن تاوانبارکراوە و یەکێک بووە لەوانەی لەسەر هاککردن بۆ ماوەی زیاتر لە 3 ساڵ لە سەرەوەی لیستی ئەوانەدا بووە کە فەرمانی دەسـتگیرکردنیان لە لایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI بۆ دەرچووبوو.

هاککەرەکەی تر ناوی کەریم باراتۆڤە و ڕۆژی سێشەممە لە کەنەدا دەسـتگیرکرا.

بەپـێی ماری مککۆرد هەردوو فەرمانبەرەکەی دەزگای FSB لە سەنتەری 18 ی دەزگاکە کاریان کردبوو کە ناوەندێکی پەیوەندیکردنە لە مۆسکۆ بۆ کاری چاودێری سەر ئنتەرنێت.

وتیشی بەشداری و ڕێنماییکردنی فەرمانبەرانی دەزگای FSB بۆ کارێکی لەو جۆرە شتێکی قێزەوەنە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی 2014 تیمی ئاسایشی کۆمپیوتەری یاهوو بەڵگەی ئاشکراکرد هاککەرێک کە وڵاتێکی بیانی پشتگیری دەکات هەستاوە بە بردنی زانیاری ژمارەیەکی ئێجگار زۆری ئەو کەسانەی ئیمەیڵیان لە یاهوو کردۆتەوە.

هاککردنەکە کاری کردە سەر بە لایەنی کەم 500 ملیۆن بەکارهێنەر(user) کە شیانی هەبوو ناونیشانی ئیمەیڵ و ڕۆژی لە دایکبوون و وەڵامی پرسیاری نهێنیان دزرابن.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG