Accessibility links

ڕووسیا پـێشنیار بۆ ئەمەریکا دەکات ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن لە دژی ئەوانەی لە سوریا ئاگربەست پـێشێل دەکەن


وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئەمڕۆ دووشەممە بە تەلەفون قسەی لەگەڵ جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە سەبارەت بە پـێشنیارێـکی مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی ئەو میلیتانانەی پابەندی ئاگربەست لە سوریا نابن.

ڕووسیا و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کە پـێکەوە کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنی ئاشتی لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، مەترسیـیان هەیە پـێشێلکردنی ئاگربەستەکە ببێتە مایەی لەناوبردنی هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیـیانە بۆ قەیرانی سوریا. ڕووسیا هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن بە پـێشێلکردنی ئاگربەستەکە تاوانباردەکات، بەڵام ئەمەریکا زیاتر حکومەتی سوریا بە تاوانبار دەزانێت.

هەفتەی ڕابردوو ڕووسیا پـێشنیاری بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش کرد، ئەوەی ئەمەریکا ڕێبەرایەتی دەکات، کە پـێکەوە هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش و بەرەی نوسرە ئەنجام بدەن، بەڵام ئەمەریکا لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگریەوە پـێشنیارەکەی ڕەتکردەوە و گوتی هیچ ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکری هاوبەش لەگەڵ ڕووسیا لە سوریا ئەنجام نادات.

XS
SM
MD
LG