Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ هاوتا تورکەکەی کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ هاوتا تورکیـیەکەی کۆبووەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان هەردوو وڵاتە لەوەتای پەیوەندیـیەکانی نێوانیان بچڕان بەهۆی خستنی فڕۆکە ڕووسیـیەکە لە ساڵی ڕابردوودا.

ئەمڕۆ هەینی لە هاوینەهەواری سوچی ڕووسیا و لە بەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئابوری سەر دەریای ڕەش، هەریەک لە سێرگێی لاڤرۆڤ و مەولود چاوش‌ئۆغڵو بۆ ماوەی نزیکەی 40 خولەک بە جیا کۆبوونەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەکە لاڤرۆڤ گوتی مۆسکۆ و ئانکەرە قایل بوون جارێـکی دیکە پـێکەوە لە دژی تێرۆر هاوکاری بکەن و هەروەها پەیوەندیـیە لەشکریـیەکانیان دەسـتپـێـبکەنەوە. پاشان ڕەتیکردەوە هیچ ناکۆکیـیەک لە نێوانیاندا هەبێت بۆ دەسـتنیشانکردنی کام لە گروپەکانی ناو سوریا تێرۆرستن. باسی لەوەش کرد کە لایەنی تورکی لەگەڵ ڕووسیا هاوڕایە لەوەی پـێویستە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە ناوچەکانی ژێر دەستی تێرۆرسـتان بکشێنەوە.

چاوش‌ئۆغڵو لای خۆیەوە سوپاسی لاڤرۆڤی کرد لەسەر کۆبوونەوەی لەگەڵیدا و هەروەها ئەو پـێشوازیـیە دۆستانەیەی لێی کردووە.

جەختی لەوەش کرد نامەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ فلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە و هەروەها ئەو پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەنجامیان دابوو، هەنگاوی ئەرێنی بوون لە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیکردن لەگەڵ لاڤرۆڤدا بە مەبەستی گەیاندنی پەیوەندیـیەکان بۆ ئەو ئاستەی دەیخوازن.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ هەینی دمتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملین گوتی چاوەڕوان‌دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان لاڤرۆڤ و چاوش‌ئۆغڵو ڕێ خۆشکەر بێت بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان پـۆتن و ئەردۆغان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی G20 کە بڕیارە لە مانگی نۆ لە چین سازبکرێت.

XS
SM
MD
LG