Accessibility links

تورکیا فڕۆکەیەکی ڕووسیا دەخاتە خوارێ و مۆسکۆ بە ڕووداوێـکی زۆر مەترسیدار ناودێری دەکات


ڕووسیا دەڵێت فڕۆکەیەکی جەنگی وڵاتەکەی لە جۆری سوخۆی 24 کە لە ئاسمانی باکوری سوریا دەفڕی خراوەتە خوارێ و پـێی وایە بە لە زەویـیەوە تەقەی لێکرابێت.

هەرچەندە ڕووسیا نکوڵی دەکات فڕۆکەکە چووبێتەوە ئاسمانی تورکیاوە، بەڵام ئەنکەرە دەڵێت دوو فڕۆکەی ڕووسی کاژمێر 9:20 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندووە لە ناوچەی یایلەداغێ لە پارێزگای هاتای لە نزیک سنووری سوریا و لە ماوەی 5 خولەک 10 جار ئاگادارکراونەتەوە لە ئاسمانی تورکیا بڕۆنە دەرێ، بەڵام پابەند نەبوون و دوو فڕۆکەی تورکی جۆری F-16 موشەکی گرتووەتە یەکێـکیان و بەری داوەتە خوارێ.

ڕووسیا لە زاری دیمیتری پـێسکۆڤ خستنی فڕۆکەکەی شەرمەزارکرد و بە ڕووداوێـکی زۆر مەترسیدار ناودێری کرد. گوتیشی لە ئێسـتادا هیچی زیاتر ناڵێت هەتا زانیاری تەواویان لەسەر چۆنێتی کەوتنی فڕۆکەکە دەبێت.

ئۆفیسی ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت سەرۆک وەزیر فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوە کردووە بکەوێتە ڕاوێژکاری لەگەڵ ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی خستنی فڕۆکەکەوە.

لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیگاش ڕاگەیەندرا کەوا ناتۆ لەسەر داوای تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەم بارەیەوە سـازدەکات.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هەلیکۆپتەری ڕووسی بە ئاسمانی ناوچەی کەوتنی فڕۆکەکە دەسوڕێنەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی هەردوو فڕۆکەوانەکە کە دەڵێن بە پەرەشوت خۆیان هەڵداوەتە خوارێ.

هاوکات ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا کەسێـک نیشـان دەدەن کە لەسەر زەوی کەوتووە و دەڵێن ئەمە فڕۆکەوانی فڕۆکە ڕووسیـیەکەیە و کوژراوە. پاشان دەستدەکەن بە (الله اکبر) لە دەوری تەرمەکە. بەڵام هیچیان لە بارەی چارەنووسی فڕۆکەوانەکەی دیکە ڕانەگەیاند.

جێی ئاماژەیە ڕووداوەکە کاریشی کردووەتە سەر بازاڕەکان و بەهای بۆرسە لە چەند شوێنک هاتووەتە خوارێ و نرخی نەوتیش کەمێـک زیادیکردووە.

XS
SM
MD
LG