جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا.
ئاژانسی دەنگوباسی ئنتەرفاکسی ڕووسیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە زاری سێرگێی ڕیابکۆڤ بڵاویکردەوە کە گوتویەتی پەیوەندیـیان هەبووە لەگەڵ ژمارەیەک لە ستافی دۆناڵد ترەمپ لە کاتی هەڵبژاردنەکە و هەندێـکیان هەتا ئێسـاش لە پەیوەندیـدان لەگەڵ مۆسکۆ. گوتوشیەتی وا دەسـتیانکردووە بە چۆنیەتی کردنەوەی ڕێگەی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا زووە تاوەکو وردەکاریـیەکانی ئاشکرا بکەن.
باسی لەوەش کردووە زۆربەی ئەو کەسایەتیـیانە بە کەسی نزیکی ترەمپ دادەنرێن و پـۆستی زۆر گرنگیان لە ئەمەریکا هەیە و کەسانی ناسراون.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێـکی فەرمی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەم لێدوانەی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا نەبووە، بەڵام پـێشتر لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردەوە پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ڕووسیاوە هەبێت.