Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی لە سوریا کەم دەکاتەوە


لەشکری ڕووسیا دەڵێت دەسـتیکردووە بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە سوریا و لەم زووانەش کەشتیـیە فڕۆکە هەڵگرەکەی لە ناوچەکە دەکێشێتەوە.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕووسیا، ڤالێری گێراسیمۆڤ سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ڕووسیا ئەمڕۆ هەینی گوتویەتی لەسەر فەرمانەکانی سەرۆک ڤلادیمیر پـوتن، ئەوانەی لە 29 ی مانگی دوازدەی ڕایگەیاندن، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی ئەو هێزانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوریا بەشدارن.

گێراسیمۆڤ فەرمانی بە کەشتی و بەلەمەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە ناوچەکە کردووە بۆ بەندەرەکانیان لە خولگەی باکور بگەڕێنەوە، لەوانە کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەدمیراڵ کوزنێتسۆڤ، کەشتی پـیۆتر ڤێلیکی، ئەوەی بە وزەی ناوکی کاردەکات و کەشتی سێڤێرۆمۆڤسکی وێرانکەر.

لە لایەکی دیکە ئەندرێ کارتاپـۆلۆڤ فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا گوتی کەشتی و بەلەمەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی هەموو ئەرکەکانی پـێیان ڕاسپـێردرابوو، بە ئەنجامیان گەیاندون. بە گوتەی کارتاپـۆلۆڤ لە ماوەی دوو مانگی بەشداریـیان لە شەڕی سوریادا، 420 جار فڕۆکە لەسەر کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکەی ڕووسیا هەستاوە و لە 1252 شوێنی تێرۆرستانیان داوە.

جەختی لەوەش کرد کە هێشتا توانای دژە ئاسمانی پـێویستیان لە سوریا هەیە، بەهۆی ئەو هەردوو سیستمی S-300 و S-400 یەی کە لەو وڵاتە بەستوویانن.

جێی ئاماژەیە هەرچەندە ڕووسیا دەڵێت بەشداری لە شەڕی سوریا بۆ لێدانی گروپە تێرۆرستیـیەکانە، بەڵام ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن هەموو نەیارەکانی بەشار ئەسەد دەکاتە نیشانە و ئامانجی پاراستنی ڕژێمەکەیە.

لەم دوایـیانە پاش باشبوونی پەیوەندیـیەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا، ئەم دوو وڵاتە توانیان بە ئاگربەستێـک لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن بگەن، بەڵام هێشتا ئەو ئاگربەستە جێگیر نەبووە.

XS
SM
MD
LG