Accessibility links

فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ڕووسیا لە ئێرانەوە هەڵدەستن بۆ بۆردومانکردن لە سوریا

  • VOA News

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت فڕۆکەی بومبهاوێژی وڵاتەکەی کە لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانی ئێران جێگری کردوون، ژمارەیەک شوێنی داعش و بەرەی نوسرەی جارانی لە سوریا بۆردومانکردووە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند فڕۆکەی بۆمبهاوێژی Tupolev-22M3 لەگەڵ فڕۆکەی Sukhoi-34 ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی هەمەدانی ئێرانەوە هەستاون و بۆردومانێـکی چڕی شوێنەکانی داعش و بەرەی نوسرەیان کردووە لە پارێزگاکانی دێر زور و حەلەب و ئیدلیب لە سوریا.

بەپـێی بەیانـنامەکە 5 عەمباری چەک و تەقەمەنی و سووتەمەنی گروپە تێرۆرستیـیەکانیان وێرانکردووە لە نزیک شارەکانی سەراقب و ئەلباب و حەلەب و دێر زور لەگەڵ چەند ناوەندێـکی چەکداران. هاوکات فڕۆکەی جەنگی هەردوو جۆری Sukhoi-30 و Sukhoi-35 لە فڕۆکەخانەی حمیمیم لە سوریا هەستاون و یاوەری بۆمبهاوێژەکانیان کردووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرمی ڕووسیا دەڵێن بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ئێران بە ڕووی فڕۆکەکانی وڵاتەکەیان ماوەی فڕینی فڕۆکەکان 60% کەم دەکاتەوە. دەڵێن بەر لەمە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی وڵاتەکەیان لە فڕۆکەخانەیەکی باشوری ڕووسیاوە هەڵدەستان. ئاماژەش بەوە دەکەن فڕۆکەخانەی حمیمیمی سوریا دەست نادات بۆ نیشتنەوە و هەستانی فڕۆکەی جۆری Tupolev-22M3 کە یەکێکە لە بۆمبهاوێژە گەورەکانی جیهان.

ئێرانیش لای خۆیەوە هەواڵەکەی پـشتڕاستکردەوە لە زاری عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کە گوتی هاوکاری ئێران و ڕووسیا لە شەڕی دژە تێرۆر لە سوریا هاوکاریـیەکی سـتراتیژیـیە و ئێرانیش بە توانا و دامەزراوەکانی لەم بوارە بەشداری دەکات.

هاوکات کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئاکامی بۆردومانێـکی قورس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپـۆزسیۆن لە شاری حەلەب 19 کەسی سیڤیل کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG