Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا: ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئاگربەستەکانی حەلەب بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی دەقۆزێتەوە


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئاگربەستە کاتیـیەکانی شەڕی حەلەبیان قۆستووەتەوە بۆ ڕێـکخستنەوەی هێزەکانیان و گەیاندنی چەک بۆیان.

ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری یەکاتێرینبێرگی ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ڤاڵتەر شتاینمەر هاوتا ئەڵمانیـیەکەی، سێرگێ لاڤرۆڤ گوتی دەزانن ئەو ڕاگرتنی کاتیانەی شەڕ بەس نیـن کە لە ئێسـتادا ڕۆژانە لە شاری حەلەب پـیادە دەکرێن بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و هاتوچۆی خەڵکی سیڤیل.

بەڵام گوتیشی قورسە درێژە بە کاتی ڕاگرتنی شەڕەکان بدرێت، چونکە شیانی هەیە لە لایەن چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنەوە بقۆزرێتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان و بەدەسـتهێنانی چەک، هەر وەکو چۆن پـێشـتر کردوویانە.

شـتاینمەر لای خۆیەوە جەختی لەوە کرد کە ڕاگرتنی شەڕ ڕۆژانە بۆ ماوەی 3 کاژمێر بەس نیـیە بۆ گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان بۆ شارەکە.

گوتیشی شارەکە لە کەرەساتێـکی ڕاستەقینەی مرۆیـیدایە و بەردەوام بۆردومان دەکرێت.

باسی لەوەش کرد کردنەوەی ڕێگەیەکی زەمینی بۆ گەیاندنی یارمەتیـیەکان باشترێکە لەوەی لە ئاسمانەوە بە فڕۆکە بەربدرێنەوە. گوتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە چاودێری ئەو ڕێگەیە بکات تاوەکو بە ناوی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی چەک بۆ ناو حەلەب نەبرێت.

XS
SM
MD
LG