Accessibility links

پەرلەمانی ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ بەکارهێنانی هێزی لەشکری وڵاتەکەیان لە سوریا


ئەنجومەنی سەرووی پەرلەمانی ڕووسیا داواکەی ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی وڵاتەکەی پەسەندکرد بۆ ڕەوانەکردنی هێزی لەشکری بۆ سوریا بە مەبەستی یارمەتیدانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە شەڕی دژی داعش.

گوتەبێژێـکی حکومەتی ڕووسیا لەسەر کەناڵێـکی تەلەفیزیۆنی دەوڵەت گوتی پەسەندکردنەکە بۆ بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی ڕووسیایە لە سوریا.

بەپـێی کاربەدەسـتان لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕووسیا لەم هەفتانەی دوایی هێزی لەشکری بۆ سوریا ناردووە کە بریتین لە فڕۆکەی جەنگی و بۆمب هاوێژ و هەروەها سەرباز بۆ شاری لازقیـیەی باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

پـوتن ڕۆژی دووشەممە لە وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی هێزەکانی بەشار ئەسەد بوێرانە ڕووبەڕووی تێرۆرزم بوونەتەوە و جەختی لەوە کرد کە ڕەتکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ ئەو هێزانە هەڵەیەکی گەورەیە. پاشان ڕەخنەشی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت بەهۆی پڕچەککردنی ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا و گوتی ئەوانە پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردووە.

هەروەها پـێشـتر پـوتن لە چاوپـێـکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵێـکی تەلەفیزیۆنی ئەمەریکایی گوتی وڵاتەکەی کارکردنی لەگەڵ ئەسەد و دۆسـتانی دیکەی لە ناوچەکە زیادەکات، بەڵام گوتیشی لە ئێسـتادا نیازی نیـیە هێزی شەڕکەری پـیادە ڕەوانە بکات.

پاشان گوتی دەبێت ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی شەڕی تێرۆرزم بکات.

بەڵام ئەمەریکا بەو ئاڕاستەیە فشاردەکات کە ئەسەد دەسـتبەرداری دەسەڵات ببێت. سەرۆک ئۆباما بە کۆمەڵەی گشـتی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت بۆمبی بەرمیلی بەسەر خەڵکەکەی بەردەداتەوە. داواشی کرد گواستنەوەیەکی سیاسی لە سوریا ئەنجام بدرێت بۆ لادانی ئەسەد لە حوکمڕانی ئەو وڵاتە.

XS
SM
MD
LG